37 کوردستان

یەکێتیی زانایان: نوێژی هەینی فەرزەو جەژن سوننەتە

11:47 - 19/03/2026

زەمەن - هەواڵ

دوودڵییەک لەنێوان هاووڵاتییاندا بڵاوبووەتەوە، کە گوایە پێویست ناکات لە یەکەم رۆژی جەژن دا بەشداری لە هەردوو نوێژی بەکۆمەڵی جەژن و هەینی بکرێت، بەڵام نوێژی جەژن نابێتە جێگرەوەی نوێژی هەینی.

د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، رایگەیاند: "ئەم جەژنە وا هەڵکەوتووە کە جەژن و هەینی بکەونە هەمان رۆژ، بەو هۆیەوە دوو نوێژی بەکۆمەڵ دەکرێن و دوو وتاریش لە مزگەوتەکان دەدرێن. ئەمەش دوودڵی و دەنگۆیەکی لەناو هاووڵاتییاندا بڵاوکردووەتەوە، کە گوایە پێویست ناکات لە یەکەم رۆژی جەژن دا بەشداری لە هەردوو نوێژ بکەن و نوێژی جەژن بەسە."

لەوبارەیەوە، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی وتی: "نوێژی جەژن و نوێژی هەینی شوێنگرەوەی یەکدی نین؛ نوێژی هەینی فەرزە و نوێژی جەژنیش سوننەتە؛ هەربۆیە ناکرێت لەبری فەرز، سوننەت بکرێت."

وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان باسی لەوەکرد: "هەر کەسێک بچێت بۆ نوێژی جەژن و نەچێتە نوێژی هەینی، گوناهبار دەبێت؛ نوێژی هەینی فەرزە."

د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی داوای لە موسڵمانان کرد، کە بەشداریی هەردوو نوێژی جەژن و هەینی بکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن