15 کوردستان

بزوتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی راپەڕینەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە

01:40 - 05/03/2026

زەمەن - هەواڵ

دەقی پەیامەکە:
دەبێت کورد سیاسەتی هاوسەنگ و بێلایەنی پەیڕەو بکات

٥ی ئازاری ١٩٩١ مەزنترین رۆژە لە مێژوی هاوچەرخی نەتەوەی کورددا، رۆژێک بۆ رەتکردنەوەی دیکتاتۆری و روبەڕوبونەوەی زوڵم، ئەنفال و جینۆساید و کیمیاباران کردنی گەلی کورد. لەو رۆژەدا کورد سەلماندی چەند بچەوسێنرێتە و بخرێتە دۆزەخی جەنگی لە ناوبردنەوە، لەو سەختیە تێدەپەڕێت و دەرئەنجامەکەی ئەبێت بە ئاگری دۆزەخ بۆ ستەمکاران.

لە ٣٥هەمین ساڵیادی راپەڕینی گەلی کورددا سەری نەوازش بۆ هەمو شەهیدان و تێکۆشەرانی کورد و کوردستان دادەنەوێنین. لەم رۆژەدا بە شکۆوە یادی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، ئەندازیاری راپەڕین و چاکسازی، دەکەینەوە. سەرکردەیەک بە راستی لە ناو خەڵک و بۆ خەڵک ژیا. ئەمڕۆ لە هەر کات زیاتر هەست بە نەبونی رەوانشاد و کەسانێک دەکەین، کە خاوەنی بیرێکی ستراتیژی و هەستێکی نیشتیمانی بون.

ئەمڕۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەترسیدارترین قۆناغدا گوزەر دەکات. جەنگێکی فرە جەمسەر بەرپا بوە کە پریشکی هەمو ناوچەکەی گرتوەتەوە. نەتەوەی کورد دە

بێت بە ئەوپەڕی ژیری و پشودرێژی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە هەستیارەدا بکات، تاکو نەبێت بە سوتەمەنی ناو ئاگری جەنگەکە. ئێمە جگە لە پشتیوانی تەواو لە سیاسەتی هەرێمی کوردستان کە بێلایەنییە و وەکو فاکتەری چارەسەر دەمێنێتەوە، بۆ رێگری لە هەڵەکردن و وریا بونی زیاتر لەم دۆخە ئێجگار ئاڵۆزەدا ئەم بانگەوازە ئاراستەی هەموان دەکەین:

یەک: هەرێمی کوردستان سیاسەتی هاوسەنگی و بێلایەنی لەم جەنگەدا پێڕەو بکات. ئاسایش و قازانجی نەتەوەی کورد و کوردستان دەخوازێت زۆر بە هۆشیاری بڕیار بدرێت و هەنگاو بنرێت.

دوو: جەنگی هەرێمیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەوڵەتانی خستۆتە گێژاوێک کە پڕە لە ئاڵەنگاری سیاسی، ئەمنی، ئابوری و جیۆپۆلەتیکی گەورە. کورد کارەکتەرێک نیە ئەنجامی ئەم جەنگە دیاری بکات. بگرە زۆر لە دەوڵەتانی ناوچەکە دەستەوەستان ماون چ جای کورد وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت.

سێ: وانەکانی مێژومان لە بیر بێت و بزانین لە ساڵەکانی (١٩٧٥، ١٩٨٨ و ١٩٩١) لە نسکۆ و ئەنفال و راپەڕین و کۆڕەودا کورد بە تەنیا بەجێهێڵرا. پاش کۆڕەوە مەزنەکە و کارەساتی مرۆیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ٦٨٨ی بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام پەسەند کرد. دۆخی سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ و ئەنجومەنی ئاسایش تەواو جیاوازە.

چوار: هۆشیاربن بەرامبەر بە تەڵەی دروستکردنی رق و شەڕی کورد و نەتەوەکانی دیکە. سەد ساڵ زیاترە کورد کراوە بە قۆچی قوربانی لە گەمەی دەوڵەتاندا.
پێنج: مانگێک نابێت پشت لە کوردانی رۆژاڤا کرا و بۆ بەرژەوەندی ئەمنی و سیاسی رێگەدرا هێرش بکرێتە سەر ئەو هێزانەی کە بڕبڕەی پشتی شەڕی دژ  بە داعش بوون.
شەش: کورد دەتوانێت بە رێگای ئاسانتر داوای مافە سیاسی، ئابوری و کلتورییەکانی خۆی بکات. نابێت کورد ببێت بە سورەی بەر لەشکر بۆ شەڕێک کە ئەوسەری دیار نیە و لە کۆتایدا ئاسان کورد دەکەن بە قوربانی رێکەوتنەکانیان.
حەوت: بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل، لە هەر بەرەیەکی جەنگەکە بێ، دەبێت بە توندی ئیدانە بکرێت. ئازادی و دیموکراسی بە بۆمباباران و وێران کردن و کوشتن بەدی نایەت.
کورد نابێ مێژوی رابردوی سەختی خۆی لە بیر بکات. ئارامگرتن و پشودرێژی مەرجی مانەوە و بەرەوپێشچوونە لەم قۆناغەدا. ئەگەر بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە نەکرێ، دور نیە یەکەم نەتەوە کە دەکرێتە قوربانی بەژەوەندی دەوڵەتان کورد بێت.

سەرکەوتن بۆ کورد و کوردستان

بزوتنەوەی گۆران
گردی زەرگەتە
٥ی ئازاری ٢٠٢٦

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن