نالەباری جوگرافیا و دەرفەتی مێژوو:
3/5/2026 1:44:00 PM
د.ئاسۆ محمود
وانەکانی ٢٠٠٣ و ئاڵنگاریەکانی ٢٠٢٦ لەبەردەم کورددا.
سەرەتا:
٢٠ ی ئازاری ٢٠٠٣ هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئامریکا هێرشیان کردە سەر عێراق.
وا ئێستا نزیک دەبینەوە لە ٢٠ ی ئازاری ٢٠٢٦.
مێژوو دووبارە نابێتەوە، بەڵام ڕەنگە ڕوداوەکان هەمان ڕەنگ و بۆیان هەبێت. لە ساڵی ٢٠٠٣دا، کاتێک ئەمریکا بڕیاری ڕوخاندنی ڕژێمی سەدامی دا، بە چەند ڕۆژێک پێش هێرشەکە، کەوتە مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی چواردەوری عێراق ، بۆ ئەوەی ڕێگە بدەن کە لە زەوی ئەوانەوە هێرشی زەمینی ئەنجام بدات.
سەرەتا ئوردن؛
شا عەبدوڵای دوەم لە دۆخێکی پڕ شەرم و ترسدا ، بە ئەمریکیەکانی ڕاگەیاند کە دەبێت وەک دۆستێکی خۆیان بیبورن کە ناتوانێت ڕێگەبدات خاکی ئوردن بەکاربهێنن لە هێرشکردنە سەر عێراق لەبەر ئەم هۆکارانە؛
• ترس لە ڕاپەڕینی ناوخۆیی: زۆربەی دانیشتوانی ئوردن بە ڕەچەڵەک فەڵەستینین یان پەیوەندییەکی توندیان لەگەڵ عێراق هەیە و قبوڵی ناکەن.
• ئابووری: عێراق دابینکاری سەرەکیی نەوتی ئوردن بوە بە ئێستاشەوە بە نرخێکی زۆر هەرزان.
• پەیوەندییە عەرەبییەکان: ئوردن نەیدەویست وەک "خائین" بە نەتەوەی عەرەب دەربکەوێت بەوەی ڕێگە بدات هێزی بیانی لە خاکەکەیەوە هێرش بکەن.
لە لایەکی تریشەوە ڕێگەی دا بە تیمە بچووکەکانی هێزی تایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا (Special Forces) کە لە بیابانەکانی ڕۆژئاوای ئوردنەوە بچنە ناو عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی سەکۆکانی موشەکی "سکۆد" تا ئیسرائیل نەپێکن و ئەمریکا سیستەمی "پاتریۆت"ی لە ئوردن جێگیر کرد بۆ پاراستنی ئاسمانی ئەو وڵاتە.
بەکارهێنانی بنکە ئاسمانییەکانی ئوردن بۆ کاری لۆجستی و گەڕان و ڕزگارکردن، نەک بۆ بۆردومانی ڕاستەوخۆ. بەکورتی لەژێر عەباوە هەرچی توانی بۆ ئەمریکا کردی
تورکیا:
تورکیا ئەمریکای شۆکرد، ئەمریکا پێی وابو کە تورکیا ئاسمان و زەمینی وڵاتەکەی واڵا دەکات بۆ هێرشکردنە سەر عێراق بەڵام پەرلەمانی تورکیا لە رۆژی ١ ی ئازاری ٢٠٠٣ ، بە "نەخێر"ێکی مێژوویی ڕێگەی لە هێرشی زەمینی گرت.
بەهۆی ئەم بڕیارەوە هێرش بۆ سەر عێراق بۆ چەندین ڕۆژ دواکەوت ، چونکە ئامریکا کەشتیە جەنگیەکانی ناردبوە دەریای ناوەڕاست بۆ سنوری تورکیا.
ئەم بڕیارەی تورکیا بۆ چەندین ساڵ پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و ئامریکای ساردکردەوە ، کە چەندین پەرچەکرداری ئەمریکای لێکەوتەوە ، کەباسکردنی لێرەدا کاتی زۆر دەبات.
کورد؛ دەستکەوتنی هەلێکی زێڕین
ساڵی ٢٠٠٥ بەرپرسێکی یەکێتی لە زاری بەهرۆز گەڵاڵی یەوە گێڕایەوە، چەند ڕۆژێک پێش بڕیارەکەی پارلەمانی تورکیا، مام جلال دەچێتە ئەنقەرە ، کۆبونەوە ڕێکدەخرێت لەگەڵ عەبدوڵا گیول.
گیول دەڵێت رای ئێوە چیە ئێمە ڕێگەبدەین بە هێزەکانی ئەمریکا تورکیا بەکاربهێنن بۆ هێرشی زەمینی ؟ کۆمەڵێک بابەت هەیە ئێمەی زۆر دودڵکردوە، عێراق وڵاتێکی ئیسلامی یە بۆئێمەش وەک وڵاتێکی ئیسلامی لەسەرمان دەکەوێت، سەرباری ، نیگەرانی وڵاتانی عەرەبی ، پاشان (پەکەکە) ڕەنگە سودی خراپ وەرگرێت لە واڵابونی سنورەکانمان.
مام جەلال دەڵێت، ناحەقتان نیە، هەمو ترس و دودڵیەکانتان لە جێگەی خۆیەتی ئەوانەی باستکرد، هەموی ڕاستی یەو کاریگەری خراپی لەسەر داهاتوی تورکیا دەبێت.
بۆ دو ڕۆژ دواتر پارلەمانی تورکیا بە نەخێر بڕیاریدا.
بەهرۆز گەڵاڵی وتویەتی ئەوساتەی پارلەمانی تورکیا بە نەخێر دەنگیدا، مام جلال لە تیڤی یەوە سەیری دەکرد، دەستبەجێ داوای کرد کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ ڕێکبخەین.
هەر لە هۆتێلەکە کۆنگرەکەمان ڕێکخست و مام جلال وتی، ئێمە لە نیگەرانیەکانی برا تورکەکانمان تێدەگەین، بەڵام خۆمان هەمو هاوکاریەکی هیزەکانی هاوپەیمانان دەکەین، دو فرگەی بچوکمان ئامادەکردوە کە هێزەکانی ئامریکا دەتوانین لەوێوە بە پەرەشوت دابەزن و وەک هێزەکانی پێشمەرگەش بەشداری ڕاستەوخۆی جەنگەکە دەکەین.
ئەم هەڵوێستە تورکەکانی شۆککرد.
لەوێ بەدواوە کورد بوە هاوپەیمانی ئامریکا و تورکیا بۆ دەیان ساڵ لە پەیوەندیەکی سارد لەگەڵ ئامریکا مایەوە
ئێستا، ٢٣ ساڵ بەسەر ئەو ڕوداوانەدا تێدەپەڕێت، کورد جارێکیتر لە گیروگازدایە،
درێژەکێشانی جەنگی ئێران بە زیانی زۆر گەورەی ئەمریکا تەواو دەبێت، ترەمپ لێکدانەوەی وردی بۆ هێرشەکانی سەر ئێران نەکردوە، بڕوایان وابوە بە کوشتنی خامەنەی ئێران دەڕوخێت، سەرباری ئەوەی پێیان وابوە کەئەگەر لە ئێران بدەن، گەلی ئێران ڕادەپەڕێت.
ئێران سوریا و عێراق نیە، قوڵای ستراتیژی سەربازی ئێران دەیان جاری عێراق و سوریایە، جگە لە توانا سەربازیەکەی.
هەستیاری ئەم بابەتانە، ڕێگە نادات هەمو شتێک بوترێت، بەڵام قازانجی هەرێمە وەک ئوردنی ساڵی ٢٠٠٣ بکات،
پێش هەموو شتێک دەبێت لایەنە کوردییەکان لە ژوورێکی داخراودا ڕێکبکەون کە کوردستان ناکەنە مەیدانی جەنگ بۆ بەرژەوەندی هیچ لایەک.
ئەگەر لە ٢٠٠٣دا کورد "پێویستی" بە هاوپەیمانان بوو بۆ ڕزگاربوون لە چەوسانەوە، لە ٢٠٢٦دا کورد "پێویستی" بە پاراستنی ئەوە هەیە کە بەدەستی هێناوە.
کورد لە ساڵی ٢٠٠٣دا بە "بەژداری" بردییەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٦دا لەوانەیە بە "مانەوە و پاراستنی خۆی" بباتەوە. ژیریی سیاسی ئەوەیە کە نەبیتە قوربانیی جەنگی زلهێزەکان، بەڵکو وەک یاریزانێکی هۆشیار، تەنها ئەو هەنگاوانە بنێیت کە مانەوەی نەتەوەکەت وەک قەوارەیەکی سەقامگیر مسۆگەر دەکات.
ئەمریکا هەرگیز لەبەر کورد ستراتیژی خۆی ناگۆڕێت، کورد، دەبێت ستراتیژی خۆی تێکنەدات، هەرێمی کوردستان لە ئێستادا قوڵای ستراتیژی نیە، تورکیا ، سونە و شیعەی عێراق، وڵاتانی چین و ڕوسیا، بەوردی چاودێری هەڵوێستی کورد دەکەن
ناوچەکە ، بە هەستیارترین کاتدا تێدەپەڕێت، بڕیاری سەرکردایەتی کورد تەواو یەکلاکەرەوەیە، بچوکترین هەڵە زیانی کوشندە بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.