17 کوردستان

بەپەلە.. «زەمەن» پڕۆژەکەی محەمەدی حاجی مەحمود بڵاودەکاتەوە

01:52 - 16/02/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان پرۆژەیەكی بۆ پێكهێنانی (ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان لە هەرێمی كوردستان) ڕاگەیاند و ئاڕاستەی حزبە سیاسیەكانی كردووە.

 ئەمڕۆ دووشەممە، ١٦ی شوباتی ٢٠٢٦، محەمەد حەجی مەحمود سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: پڕۆژەی (ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان لە هەرێمی كوردستان)  ئامانجی سەرەکی پرۆژەکە پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکان و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمە لەبەردەم گۆڕانکارییە خێرا و ئاڵۆزەکانی ناوچەکەدا.

دەشڵێت:  ناوەندێکی یەکگرتوو بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە نیشتمانییەکان، بووەتە هۆی پەرتەوازەیی لە وتار و لاوازبوونی پێگەی دانوستانکاری کوردی لە بەغدا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە ڕووی ستراتیژییەوە، پڕۆژەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزی هەر قەوارەیەکی سیاسی تەنها لە توانای سەربازی یان ئابووریدا نییە، بەڵکو لە جۆرییەتی بڕیارداندایە.

ئەم ئەنجومەنەی کە محەمەد حاجی مەحمود پێشنیازی کردووە هەوڵ دەدات کۆتایی بە سیاسەتی “کاردانەوە” بهێنێت و بەرەو داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی پێشوەختە هەنگاو بنێت، تاوەکو هەرێمی کوردستان لەبری چاوەڕوانیکردنی وڵاتانی ناوچەکە، خۆی خاوەنی نەخشەڕێگا و سیناریۆی ئامادەکراو بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان.

پێکهاتەی کارگێڕی ئەنجومەنەکە لەسەر بنەمای زانستی و پسپۆڕی داڕێژراوە و لە دوو بازنەی سەرەکی پێکدێت؛ بازنەی یەکەم تایبەتە بە داڕێژەرانی بڕیار کە کۆمەڵێک پسپۆڕی یاسایی، دەستووری، سیاسی و سەربازی لەخۆ دەگرێت. بازنەی دووەمیش بریتییە لە “ئەنجومەنی بڕیاردان” کە لە ڕێبەرانی حزبە سیاسییەکان پێکدێت و ئەرکیان پەسەندکردن یان پێداچوونەوەی ئەو پڕۆژە و بڕیارانەیە کە لەلایەن پسپۆڕەکانەوە ئامادە دەکرێن.

پڕۆژەکەی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئەرکی سەرەکی ئەم ئەنجومەنە لە چەند خاڵێکدا چڕ دەکاتەوە، لەوانە: دیاریکردنی هێڵە سوورەکان لە دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، یەکخستنی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانی، و خوێندنەوەی ستراتیژی بۆ بارودۆخە جیاوازەکان. بڕیارەکانی ئەم ئەنجومەنە بە دەنگی زۆرینەی ڕەها پەسەند دەکرێن و دەبنە بڕیاری گشتگیر کە هیچ لایەنێک ناتوانێت خۆی لێ بێبەری بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی متمانەی زیاتری نێودەوڵەتی بە هەرێمی کوردستان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن