لە سبەینێوە بەشەخۆراكی مانگی 1ی 2026 دەدرێت بە "بایەعەكان"
12:59 - 07/02/2026
زەمەن_هەواڵ
سبەی دەست دەكرێت بە دابەشكردنی یەكەم سەبەتەی خۆراكی ئەمساڵ و دوو بەشەخۆراکی ساڵی پاریش نەدراوە.
ئەمڕۆ شەممە، ٧ی شوباتی ٢٠٢٦، لما هاشم مووسەوی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی خۆراكی عێراق، ڕایگەیاند: دابەشکردنی بەشەخۆراکی ساڵی نوێ دەستپێدەکات و بریکارەکان دەتوانن بە کارتی ئەلیکترۆنیی وەریبگرن.
ئاماژەی بەوەشداوە، كۆمپانیاكە سیستمێكی پارەدانی ئەلیكترۆنی بە بەكارهێنانی ئامێرەكانی POS ی گرتووەتەبەر، بۆ دڵنیابوون لە یەكپارچەیی و وردبینی و شەفافییەتی مامەڵە داراییەكان و پاراستنی سامانی گشتیی و هاوسەنگی لەگەڵ پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەکان.
لە ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەت بازرگانی عێراق ئەوەش هاتووە، لق و شوێن و ناوەندەكانی فرۆشتنی كۆمپانیاكە ئامادەكارییەكانیان تەواو كردووە، بۆ دەستپێكردنی دابەشكردن دوای ئەوەی كۆگەكانیان بە تەواوی پڕ كراونەتەوە لە كەلوپەلی سەبەتەی خۆراك، ئەمە جگە لە تەواوبوونی ئەو پشكنینانەی كە لەلایەن بەشی كۆنترۆڵكردنی كوالێتی لەسەر سەرجەم كەرەستەكان ئەنجام دراون.