91 کوردستان

دابەشکردنی نەوت دەستی پێکرد

02:44 - 05/01/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 سالار محەمەد، بەرپرسی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ڕایگەیاند: "بەم نزیکانە دەستدەکرێت بە قۆناغی دووەمی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری هەولێر.

 ئەمڕۆ دووشەممە، ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، سالار محەمەد، بەرپرسی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی نەوتی سپی لە کۆتایی نزیک بووەتەوە، وابڕیارە دوای گەیشتنی ١٨ ملیۆن لیتر نەوت لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دەست بە قۆناغی دووەمی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییانی ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری هەولێر بکرێت.

وتیشی: "لە قۆناغی دوووەمدا هەر هاووڵاتییەک بڕی ١٠٠ لیتر نەوتی پێدەدرێت، هاوکات بڕی ئەو پارەیەی کە وەردەگیرێت لە نێوان ٣٢ بۆ ٣٣ هەزار دینار دەبێت".

جەختی لەوەشکردەووە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دابینکردنی نەوت بۆ هاووڵاتییان داوای کردووە عێراق بڕی ٤٥ ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام تا ئێستا عێراق ئەو بڕە نەوتەی نەناردووە، ئەوەشی کە لە قۆناغی یەکەمدا دراوە بە هاووڵاتییان 37 ملیۆن لیتر بووە، بە تەواوی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابینکراوە.

لە بارەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوەندی پارێزگای هەولێر، باسی لەوەکرد، چاوەڕوانی گەیشتنی ئەو بڕە نەوتەن کە بڕیارە عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی ڕەوانە بکات، بە دڵنیاییەوە هەر کاتێک نەوتەکە بگات دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

سەبارەت بەو هاووڵاتییانەی کە تا ئێستا بڕە نەوتی قۆناغی یەکەمیان وەرنەگرتووە، سالار محەمەد وتی،"ئەو هاووڵاتییانەی بە هەر هۆکارێک بێت نەوتیان وەرنەگرتووە، دەتوانن سەردانی وێستگەکانی دابەشکردنی نەوت بکەن و نەوتەکەیان وەربگرن، هاوکات پرۆسەکە ڕانەوەستاوە و بەردەوامە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن