بۆچی جیهان لە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ تێنەگەیشت؟ کەوتنی مادورۆ وەک وانەیەک
1/4/2026 11:23:00 AM
د.فرزەند شێرکۆ
"ڕایان ئیڤانز، دامەزرێنەری (War on the Rocks)، لە شیکردنەوەیەکی نوێدا دەپرسێت: بۆچی مێشکە گەورەکانی بواری ئاسایشی نەتەوەیی بەردەوام لە تێگەیشتنی ترەمپدا هەڵە دەکەن؟
پێنج هۆکاری سەرەکی دەخاتە ڕوو کە بۆچی جیهان لە ترەمپ تێنەگەیشت:
یەکەم: گەڕان بەدوای دۆکتۆرینێکی ناسراودا
هەڵەی گەورەی پسپۆڕانی واشنتۆن ئەوەیە دەیانەوێت ترەمپ بخەنە ناو قاڵبە ناسراوەکانی زانستی سیاسییەوە، وەک واقیعی یان گۆشەگیر. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە ترەمپ هیچ دۆکتۆرینێکی جێگیری نییە. ئەو بەپێی تیۆرییە نێودەوڵەتییەکان بڕیار نادات، بەڵکو بڕیارەکانی بەرەنجامی ساتەوەخت و بەرژەوەندییەکی خێران. نەبوونی چوارچێوەیەکی فکری جێگیر وا دەکات ترەمپ زۆر قورس بخوێنرێتەوە و بتوانێت کردارێکی کتوپڕ ئەنجام بدات کە کەس چاوەڕێی ناکات.
دووەم: تێکەڵبوونی هەڕەشە و کردار
زۆر کەس وایان دەزانی هەڕەشەکانی ترەمپ تەنها بۆ فشارن و جێبەجێیان ناکات. بەڵام ترەمپ قسەکانی هەم وەک ئامرازێکی فشار و هەم وەک ئامادەکاری بۆ کردار بەکاردێنێت. ئەو ڕێگە دەدات بیرۆکەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ناو میدیادا بمێننەوە، پاشان کاتێک هەلەکە دەڕەخسێت، لەناکاو جێبەجێیان دەکات. وەک ئەوەی لە ڤەنزوێلا ڕوویدا؛ زۆر کەس وایان دەزانی تەنها قسەیە، بەڵام ئەو خەریکی داڕشتنی پلان بوو.
سێیەم: ململانێی ناوخۆیی ئیدارەی ترەمپ
زۆرجار هەڵە لەوەدا دەکرێت کە وادەزانرێت ترەمپ لە هەموو جیهاندا یەک جۆر سیاسەت پەیڕەو دەکات. بەڵام ڤەنزوێلا بووە مەیدانێک بۆ "بازنە توندڕەوەکە" بە تایبەت مارکۆ ڕووبیۆ. ترەمپ دەکرێت لە ناوچەیەکدا دانبەخۆداگر بێت چونکە مەترسییەکەی زۆرە، بەڵام لە ناوچەیەکی تردا وەک ڤەنزوێلا زۆر هێرشبەر بێت، ئەمەش بەپێی ئەوەی کێ لەو ساتەدا لە گوێی ترەمپدا دەخوێنێت.
چوارەم: تێگەیشتنی هەڵە بۆ وریایی ترەمپ
خەڵک وایان دەزانی ترەمپ چونکە لە خولی یەکەمیدا حەزی لە جەنگ نەبووە، کەواتە دەست بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی نابات. بەڵام ترەمپ تەنها ڕقی لە جەنگی درێژخایەن و جێگیرکردنی هەزاران سەربازە بۆ ماوەی چەندین ساڵ. ئەو هیچ کێشەیەکی نییە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی خێرا، شانۆیی و توند کە وێنەیەکی بەهێزی لێ دروست بکات. ئەوەی لە ڤەنزوێلا ڕوویدا جەنگ نەبوو، بەڵکو هەڵکوتانێکی توند بوو کە ترەمپ ئارەزووی دەکات.
پێنجەم: وێنەیەکی نوێ بۆ گۆڕینی ڕژێم
پسپۆڕان کاتێک دەبیستن گۆڕینی ڕژێم، تەنها عێراقیان بیر دەکەوێتەوە. بەڵام ترەمپ مۆدێلێکی تری بەکارهێنا؛ ئۆپەراسیۆنی گرتن و بردن لە ڕێگەی هێزە تایبەتەکانەوە. ئەمە مۆدێلێکە لە نێوان هەڵکوتان و دەستوەردانی سەربازیدایە. ترەمپ لەم ڕێگەیەوە نیشانی دا کە دەتوانێت سەرۆکی وڵاتێک دەستگیر بکات بێ ئەوەی وڵاتەکەی تووشی جەنگێکی وێرانکەر بکات.
دەرەنجام و پەیامە ستراتیژییەکە:
ڕایان ئیڤانز جەخت دەکاتەوە کە نابێت ئیتر بپرسین ئایا ترەمپ بە چی بڕوایە، بەڵکو دەبێت بپرسین ئایا ئەم کارە لای ترەمپ وەک سەرکەوتنێکی خێرا و نیشاندانی هێز دەبینرێت؟ ترەمپ ئێستا بە ڕاشکاوی دەڵێت ئێمە ڤەنزوێلا بەڕێوە دەبەین و لە ناردنی سەربازیش ناترسین.
ئەمە واقیعی نوێی جیهانە؛ جیهانێک کە تێیدا یاسا نێودەوڵەتییەکان لاواز بوون و تەنها هێزی ڕەها بڕیار دەدات."