28 کوردستان

بەپەلە.. بۆ دانیشتوانی سلێمانی، سەرەتای مانگی داهاتوو ئامادەبن

01:46 - 03/11/2025

زەمەن _ سلێمانی

 

 سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى نەوت و کانزاکانى سلێمانى ڕایگەیاند: لەم مانگەدا پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان کۆتایی دێت و سەرەتای مانگی داهاتوو دەگاتە ناو سەنتەری شاری سلێمانی.

ئەمڕۆ دووشەممە، ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، سەلام عومەر، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى نەوت و کانزاکانى سلێمانى ئاشکرایکرد، تا ئێستا 16 هەزار خێزان لە ناوچە شاخاوییەکان نەوتیان وەرگرتووە و پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت بەردەوامە، وەک هەموو ساڵێک سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات و دواتر دەگاتە سەنتەری شار.

وتیشی: “ئێمە بەپێی ئەو ڕێنمایەی بۆمان هاتووە، دەبێت لەم مانگەدا ناوچە شاخاوییەکان تەواو بکەین، دواتر لە سەرەتای مانگی 12 دێتە ناو سەنتەری شاری سلێمانیەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو: ژمارەی ئەو خێزانانەی لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی خۆراک تۆمار کراون و بە ئێمە دراون 540 هەزار خێزانە، ئەمە 110 ملیۆن لیتر نەوتی پێویستە، ئەوەی بڕیاری لێدراوە تا ئێستا فەرمانی 59 ملیۆن لیتر نەوتمان بۆ هاتووە.

سەلام عومەر باسی لەوەشکرد، هەرکاتێک دابەشکردنی نەوت گەیشتە ناو سەنتەری شاری سلێمانی، هەموو بنکەکان بەبێ کێشە وەریدەگرن.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێم دابەشی دەکات بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر دانراوە و بە بڕی 104 هەزار دینار پێیان دەدرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن