مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەست بە خۆپیشاندان دەکەنەوە
09:41 - 18/08/2025
زەمەن پرێس:
دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕایانگەیاند، چیتر ناتوانن
ئەم دۆخە سەپێندراوە قەبووڵ بکەن و لە ڕۆژی چوارشەمە ٢٠ـی ئاب، لە
بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا خۆپیشاندان ساز دەکەن.
ئەمڕۆ لە باخی گشتی
سلێمانی، دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بەهۆی خراپی بارودۆخی
هاوڵاتییان و دابەشنەکردنی مووچەوە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا و نەجمەدین شێخ ساڵح
ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی هەرێم وەک هەمیشە نایانەوێت ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی
عێراق جێبەجێ بکەن، تاوەکو بەغداد مووچەی فەرمانبەران بنێرێت و خەڵک لەو دۆخە
ناهەموارە ڕزگاری بێت.
وتیشی: ستەمکاری
حکومەت ١١ ساڵە بەردەوامە و دادگایەک نییە لێپرسینەوەیان لێ بکات، بۆیە چیتر وەک
نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران ناتوانین ئەم دۆخە سەپێندراوە قەبووڵ بکەین،
بۆیە ڕایدەگەیەنین لە ڕۆژی چوارشەمە ٢٠ـی ئاب لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا
خۆپیشاندان سازدەکەین .
هاوکات داوای لە
سەرجەم هاوڵاتییان و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵات کرد پشتیوانی هەوڵەکانیان
بن.