بەپەلە.. ئەمریکا هەڵوێستی بەلای کورددا گۆڕا
04:47 - 17/08/2025
زەمەن _ کوردستانی
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند: ئەوەی بەناوی سووپای نوێی سووریا ناسراوە “هاوپەیمانییەكی فشۆڵی گرووپە توندەڕەوەكانە” وتەحریری شام و چەند میلیشیایەکی توندڕەوی سوننە لەخۆدەگرێت و ئەمریكا هەڵوێستی گۆڕاوە لە پاڵپشتیکردنی بیرۆکەی یەکخستنی هێزەکانی هەسەدە لەناو ئەو سووپایە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٧ی ئابی ٢٠٢٥، دەزگای هەواڵگری وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە ڕاپۆڕتێکیدا کە لەلایەن ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتۆرە)وە بڵاوکراوەتەوە و بۆ ئەندامانی کۆنگرێس ئامادەکراوە، ئاشکرایکردووە، ئەوەی بەناوی سووپای نوێی سووریای سەر بە حکومەتی راگوزەر ناودەبرێت، خاوەن پەیكەرێكی رێکخراوەیی یەکگرتوو نییە و پشت بە هاوپەیمانییەکی فشۆڵ و پارچە پارچە دەبەستێت، کە سەرکردەکانی دەستەی تەحریری شام، كە پێشتر بە بەرەی نوسرە ناسرابوو، لەگەڵ چەند میلیشیایەکی توندڕِەوی سوننە لەخۆدەگرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو گرووپانەی کە واشنتۆن بە مەترسیدار ریزبەندی كردوون، وەک رێکخراوی (حراس الدین)، هەژمونێكی بەرچاوی لە دیمەشق بەدەستهێناوەتەوە، سەرەڕای بانگەشەی هەڵوەشاندنەوەی، دوای ڕووخانی رژێمی ئەسەد و ئەم گرووپانە تائێستا كاریگەرییان هەیە لە لەسەر سیاسەتەکانی حکومەتی راگوزەر، سەرەڕای ناکۆکییەکانی پێشوییان لەگەڵ دەستەی تەحریری شام.
راشیگەیاندووە، پێدەچێت ئەم دۆخە هەژمونی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بەهێزتر بکات و سەربەخۆیی زیاتریان پێببەخشێت لە جاران.
راپۆرتەکە ئاماژە بۆ گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ئەمریکا دەكات، لە پاڵپشتیکردنی بیرۆکەی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ دیمەشق بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی پاراستنی لە هەڕەشەکانی تورکیا، جەختیش دەکاتەوە، “هێشتنەوەیان خزمەت بە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەکات”.
وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە: ئیسرائیل مەیلی بەرەو فراوانکردنی ناوچەی پارێزراوی هەیە لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ سووریا، رەنگە بەشێک لە باشوری سووریاش کۆنترۆڵ بكات، كە ئیسرائیل لە دیمەشقی پایتەخت نزیک دەکاتەوە.
راپۆرتەکە، نیگەرانییەکانی ناو کۆنگرێسی سەبارەت بە هەرچەشنە سوککردنێكی سزاکانی سەر دیمەشق وروژاندووە، ئەمەش وایکردووە بۆ ئیدارەی ئەمریکا قورس بێت بۆ نوێكردنەوەی لێخۆشبونەكان یان رێگەدان بە جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئابوری، کە لەلایەن حکومەتی راگوزەرەوە لەگەڵ هەندێک وڵات واژۆ کراوە.
ئاشکرایکردووە، هەندێک لە شوێنکەوتوانی رێکخراوی (حراس الدین) بەدوای هەژمووندا دەگەڕێن لەناو حکومەتی نوێی دیمەشقدا.