لە ئیوارەوە کاریگەری خۆڵبارین کەمدەبێتەوە
03:10 - 17/08/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
شارەزایەکی کەشناسی ئاشکرایکرد، "کاریگەرییەکە ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ کۆتایی دێت، بەڵام هەر لەم هەفتەیەدا ئەگەری خۆڵبارینی دیکە هەیە. "
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٥، شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و تۆزوخۆڵ دەبێت، کاریگەریی ئەم تۆزوخۆڵە بەشێک لە ناوچە جیاجیاکانى گرتووەتەوە، ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت و لە هەندێ کاتدا کەم و لە هەندێ کاتدا زیاد دەکات.
هاوکات، ئاماژەی بەوەشداوە، "لە دوێنێ شەوەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچەکەمانی گرتووەتەوە، خۆڵبارینەکە لە ناوچەکانی عێراق بەراورد بە هەرێمی کوردستان چڕترە، پێشبینی دەکرێت دوای نیوەڕۆ کاریگەرییەکەی کەم ببێتەوە."
ئەو کەشناسە وتیشی: "کاریگەری ئەم خۆڵبارینە لە بەشەکانی باکووری رۆژئاوای عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە و پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکەی بۆ چەند کاتژمێرێک لەسەر ئەو ناوچانە بمێنێتەوە."
شاڵاو هیدایەت ئاماژەی بەوەش کرد، لە رۆژانی داهاتوودا ئەگەری هەڵکردنی بای رۆژئاوا هەیە و ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی خۆڵ لە بیابانەکانی نێوان عێراق و سووریاوە بێت و بە شێوەی لاواز و مامناوەند ناوچەکەمان بگرێتەوە.
لەبارەی کەشوهەوای سبەینێوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئاسمان ساماڵ و ئەگەرى کاریگەریى تۆزوخۆڵ لەسەر بەشێک لە ناوچەى جیاجیا دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە."
پلەکانی گەرما بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 42 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 40 پلەی سیلیزی
دهۆک: 41 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 44 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 42 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 42 پلەی سیلیزی
سۆران: 40 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 31 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 44 پلەی سیلیزی