61 کوردستان

حکومەتی هەرێم و بەغداد لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ڕێککەوتن

03:39 - 17/08/2025

زەمەن _ هەواڵەکان

 

 میدیای پارتی ئاشکرایکرد، هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم  و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەپێی میکانیزمێکی تایبەت ڕێککەوتن.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٧ی ئابی ٢٠٢٥،  سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای سۆمۆ، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: "لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەپێی میکانیزمێکی تایبەت ڕێککەوتوون و هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواو کردووە".

هاوکات، بەپێی زانیارییەکان،  ڕێککەوتنەکە بەو شێوەیەیە کە پرۆسەی هەناردەکردنەکە بەپێی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەکان دەبێت، ئەمەش دوای تەرخانکردنی ٥٠ هەزار بەرمیل بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا بڕە ماوەکە ڕادەستی کۆمپانیای "سۆمۆ"ی سەر بە حکومەتی فیدراڵی دەکرێت.

زانیارییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە لەلایەن شاندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و شاندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە واژۆ کراوە و جەختیان کردووەتەوە کە شاندە فیدراڵییەکە گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا.
هەر بەپێی زانیارییەکان، دەستپێکردنی پرۆسەی هەناردەکردن پێویستی بە ئەنجامدانی گفتوگۆ هەیە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی تورکیادا پێش جێبەجێکردنی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن