ئەمڕۆ (9) ساڵ بەسەر تیرۆركردنی رۆژنامەنوس وەداد حسێن تێدەپەڕێت
11:53 - 13/08/2025
زەمەن – هەرێمی كوردستان
ئەمڕۆ ١٣ی ئابی 2025، نۆ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی
رۆژنامەنووس وەداد حسێن تێدەپەڕێت، کە لە ساڵی ٢٠١٦دا لە ناو بازاڕی دهۆک ڕفێندرا،
دواتریش لاشەکەی بە برینداری لەسەر رێگای سێمێڵ – دهۆک دۆزرایەوە و دوای گواستنەوەی
بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
لە نۆیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم وەدات
حسێن، خانەوادەکەی سوپاسی خەڵكی سلێمانی کردووە، کە ماوەی نۆ ساڵە کەیسی شەهید وەداتیان
بە کەیسی خۆیان زانیووە، ڕاشیانگەیاندووە، داواشیان لە دۆست و ڕێکخراوەکانی مافی
مرۆڤ و ڕۆنامەنووسان کردووە ڕژدبن لەسەر کەیسەکە و هەماهەنگبن بۆ ئەوەی کەیسەکە بگەیەندرێت
بە دادگا نێودەوڵەتییەکان.
ئەمڕۆ، لە مەراسیمی نۆیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی
شەهیدی قەڵەم وەدات حسێن، لە سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی، پەیامی خانەوادەی شەهید
وەدات حسێن، لەلایەن باران گەرمیانی خوێندرایەوە.
دەقی پەیامەکە بەمشێوەیەیە:
“لە دڵەوە سڵاو لە گەلەکەمان و دەزگاکانی
ڕاگەیاندن دەکەین
ئەمڕۆ نۆیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شەهید وەدات
بە کەموکورتی و بە گلەیی و گازندە و ڕەخنە و خۆڕەخنەکردنەوە بەڕێوەدەچێت.
پێش نۆ ساڵ و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، شەهید وەدات
لەسەر ڕێگای سەرەکی ماڵتا و لە گەورەترین گەڕەکی شاری دهۆکدا، لە کاتژمێر نۆی بەیانیدا
لەلایەن تیمێکی هەشت کەسی ڕێکخستنکراوی کوژەردا ڕفێندرا و پاش سێ کاتژمێر لە ئەشکەنجەی
دڕندانە لەسەر ڕێگای دەڤەری سێجی سەربە سێمێل بەجێدەهێڵدرێت، سەرەتا دەبردرێتە نەخۆشخانەی
سێمێل، پاشان ڕەوانەی نەخۆشخانەی دهۆک دەکرێت و لەوێ گیان لەدەستدەدات و دەگاتە
کاروانی شەهیدانی کورد و کوردستان.
تا ئێستا تاوانبارانی ئەو کردەوە تیرۆرییە دیارنین
و دەسەڵات نایەوێت تاوانباران دەستنیشان بکات. چونکە تاوانباران بە فەرمانی مەسروور
بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتەی پاراستن و ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ئەو
تیرۆرەیان ئەنجام دا.
بەپێی یاسا جیهانییەکان، گەر دوای چەندین ساڵ دەسەڵات
نەیتوانی تاوانبار دەستگیربکات ئەوا دەسەڵات خۆی خودی تاوانبارەکەیە، بەهۆی لەناوبردنی
کامێراکانی چاودێری و سڕینەوەی هەموو بەڵگەکان، بۆیە ئێمە ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی پارتی
دیموکراتی کوردستان بە تاوانبار دەزانین.
داوا لە هەڤاڵ، دۆست و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ
و ڕۆژنامەنووسان و یاساناسان دەکەین، ڕژدبن لەسەر ئەو کەیسە، تاوەکو هەماهەنگ بین
و کەیسی شەهید وەدات و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای دەنگی ئازادیی بگەیەنینە دادگا نێودەوڵەتییەکان
سووپاس بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز و کۆمپانیای چەتر کە
ماوەی نۆ ساڵە بە بەردەوام یادی شەهید وەدات دەکاتەوە و هەموو ساڵێک یادەکەی بەرز ڕادەگرێت.
هەروەها سووپاس بۆ هەر کەسێک کە خەمخۆری شەهیدانە،
سووپاس بۆ خەڵکی سلێمانی کە نۆ ساڵە شەهید وەدات وەک شەهیدانی دیکە لەباوەش دەگرێت.
لە کەسایەتی شەهید وەدات دا سەرجەم شەهیدانی ڕێگای
ئازادیی بەبیردەهێنینەوە و سەری ڕێز و نەوازشمان لەبەردەمیان دادەنەوێنین.
دهۆک / ١٣ـی ئابی ٢٠٢٥
خانەوادەی شەهید وەدات”