وەزارەتی دارایی هەرێم گەیشتنی وەجبەی یەکەمی پارەی مووچەی راگەیاند
04:10 - 05/03/2026
زەمەن_هەواڵ
وەزارەتی دارایی هەرێم، گەیشتنی گوژمەی یەکەمی، پارەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی ڕاگیەناد کە بڕەکەی (٢٧٤ ملیار و ٩٦٢ ملیۆن دینارە).
دەقی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی:
ڕاگەیەنراوێک لەوەزارەتی دارایی و ئابورییەوە
نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ( ٥ ی ئازاری ٢٠٢٦ ) بڕی (٢٧٤ ) ملیارو ( ٩٦٢ ) ملیۆن دینار بە چوار گوژمە وەک بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێم کە بریتیە لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی خانەنشینان و سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی و فەرمانبەرانی گرێبەست و مینحەی زیندانیانی سیاسی ، خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی لە ڕۆژی یەک شەممەی داهاتوو تەواوی تەمویلی مووچە بخرێتە سەر هەژماری بانکیمان و لەگەڵ گەیشتنی تەواوی پارەکەو وەرگرتنی لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕاستەوخۆ خشتەی مووچەی مانگی شوبات ڕادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری