حەنان فەتلاوی: کێشەی هەولێر و بەغداد هەرگیز چارەسەر نابێت
02:00 - 07/08/2025
زەمەن:-
حەنان فەتلاوی دەڵێت: کێشەی بەغداد و هەرێم، پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە خودی سیستەمەکەوە و پێشنیازی جیاکردنەوەی تەواوەتیی دارایی دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٧ی ئابی ٢٠٢٥، حەنان فەتلاوی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی حیزبی "ئیرادە" لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا ئاشکرایدەکات، "کێشەی کورد نە سوودانی، نە مالیکی، نە عادل عەبدولمەهدی، نە کازمی و نە عەبادی ناتوانن چارەسەری بکەن، تەنانەت ئەگەر هەر کەسێکی دیکەش ببێتە سەرۆکوەزیران،ناتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، چونکە کێشەکە هەرگیز چارەسەر نابێت."
حەنان فەتلاوی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی حیزبی "ئیرادە"، چارەسەرێکی نوێ و "ڕیشەیی" بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە بەردەوامەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو. پێیوایە کێشەکە پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە خودی سیستەمەکەوە و پێشنیازی جیاکردنەوەی تەواوەتیی دارایی دەکات.
فەتلاوی دەشڵێت: "بە بڕوای من، چارەسەر ئەوەیە کە ئازا بین و ڕێککەوتنێکی ڕوون و ڕاشکاوانەیان لەگەڵ بکەین. براینە، ئێوە عێراقین و ئێمە دەتانپارێزین و هاوبەشن لە هەموو دامەزراوە فیدراڵییەکان، بەڵام پارەی ئێوە بۆ خۆتان و پارەی ئێمەش بۆ خۆمان. نەوتی ئێوە بۆ خۆتان و نەوتی ئێمەش بۆ خۆمان."
وتیشی: "نەوتەکەتان ببەن، مووچە و پڕۆژەکانتان لەسەر خۆتان بێت، ئێمەش وەک ١٥ پارێزگاکەی دیکە، نەوت و داهات و باج و ڕسوماتمان بۆ خۆمان بەکاردەهێنین."