51 کوردستان

سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد

02:15 - 01/08/2025

زه‌مه‌ن - هه‌رێمی كوردستان

کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، بڵاویکردەوە، لە ڕۆژی سێشەممە، 29ی تەموز، سوپای تورکیا بە بەشداری نزیکەی 250 سەرباز، ئۆپەراسیۆنێکی خاکڕەوی بۆ سەر گوندەکانی دەڤەری (گولی) لە قەزای باتیفا لە پارێزگای دهۆک دەستپێکرد.

وتیشی: سوپای تورکیا، مەبەستیەتی لە ڕێگەی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە، ڕێگری لە گەڕانەوەی گوندنشینان بۆ سەر گوندەکانی خۆیان بکات و پڕۆژەی دروستکردنی ''ناوچەی دابڕ'' لە گوندەکانی سەرسنور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێبکات و بەتەواوی هەژمونی سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت.

کامەران ئاماژەی بەوەشکردوە، سەربازەکان لە ڕێگەی چەند هەلیکۆپتەرێکەوە لەسەر چیای ''سیارا ستەورێ''جێگیرکران و بارەگایەکی سەربازیان لەسەر چیاکە دروستکرد. لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوار شەممە، 30ی تەموز، سەربازەکان دەستیان کرد بە کیوماڵکردنی تەواوی گوندەکانی دەڤەری گولی و هاتن و چونی ناو گوندەکان بە تەواوی قەدەغەکرا.

سوپای تورکیا، لە ڕۆژی دوو شەممە، 28ی تەموزەوە هەمو ڕێگاکانی گوندی کەشانی بۆ سەر ڕەز و باخ و بێستانی جوتیارەکان داخستوە و تەواوی گوندنشینەکانیش ئاگادار کراونەتەوە کە لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن