محەمەد حاجی مەحمود: هەندێک کە بە ناسنامە کوردن، فرمێسکی تیمساحی بۆ غەزە ئەڕێژن
03:50 - 30/07/2025
زەمەن – هەواڵەکان
محەمەدی حاجی مەحمود ڕایگەیاند: ماوەیەکە لێرە و لەوێ، هەندێک کە بە ناسنامە کوردن، فرمێسکی تیمساحی بۆ غەززە ئەڕێژن، لەبەرامبەردا خەنجەریان لە پشتی حکومەتی هەرێم توند کردوە، من تێناگەم ئەوانەی کە سەری زمان و بنی زمانیان بووەتە فەلەستین بۆ بیرێک لە میللەت و خاکەکەی خۆیان ناکەنەوە
دەقی نوسینەکە:
ماوەیەکە لێرە و لەوێ، هەندێک کە بە ناسنامە کوردن، فرمێسکی تیمساحی بۆ غەززە ئەڕێژن، لەبەرامبەردا خەنجەریان لە پشتی حکومەتی هەرێم توند کردوە، بەهیچ کلۆجێک باسی برسیکردنی خەڵکی کوردستان ناکەن. بەپێی زانیاری سەرچاوەکانی هەواڵ، ڕۆژانە بە کۆمەڵێک دروشم، سەدان هەزار دۆلار لە شارەکانی کوردستان کۆدەکەنەوە و گوایە بۆ غەززەی دەنێرن.
من تێناگەم ئەوانەی کە سەری زمان و بنی زمانیان بووەتە فەلەستین بۆ بیرێک لە میللەت و خاکەکەی خۆیان ناکەنەوە، ئێمە کیمیابارانکراین، ئەنفالکراین و گوندەکانمان لەگەڵ خاک تەختکرا، کێ بەهانامانەوەهات، زۆر وڵات و میللەتی ناوچەکە پەیامی دەستخۆشییان بۆ بەعسییەکان نارد. بەپێی هەموو یاسا و عورفێک، مرۆڤ ئەبێت ماڵەکەی خۆی ڕێکبخات ئەوسا لە خەمی دراوسێدابێت.
محەمەدی حاجی مەحمود