131 کوردستان

گەنجێکی کورد لەسەر شەقامەکانی ئەسینا گیانی لەدەستدا

01:33 - 31/07/2025

زەمەن:-

 

 گەنجێکی کوردی خەڵکی سلێمانی کە بەهۆی 'تێکچوونی بارەی دەروونی' لە شەقامەکانی پایتەختی یۆنان دەژیا، ئەمڕۆ لەسەر شەقامێکی ئەسینا گیانی لەدەستدا.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٥، رەنج پشدەری، چالاکوانی کۆچبەران ڕایگەیاند: "یادە ئەمڕۆ کاتژمێر 10:30 بە کاتی ئەسینا لەسەر شەقام گیانی لەدەستداوە".

 یادگار فەتاح، لە دایکبووی ١٩٨٦ و لای کوردانی یۆنان بە "یادە یان پەپوولەکەی ئەسینا" ناسراوە، خەڵکی شاری سلێمانی بوو، بەڵام لە کۆتایی ساڵانی نەودەکان بە خێزانی روویانکردووەتە ئەڵمانیا.
 
هاوکات، رەنج پشدەری، چالاکوانی کۆچبەران لە ئەسینای پایتەختی یۆنان، رۆژی ٢٦ـی ئەم مانگە،  سەردانی یادەی کرد و لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا ئەو هاوڵاتییە بە رەنج دەڵێت: "پارەم نییە و خەریکە دەمرم؛ دەرمانم دەوێت، ناشتوانم بڕۆمەوە بۆ کوردستان".
 
ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، ئەو گەنجە بە زمانێکی شێواو و دەنگێکی نووساوو و بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکات، چونکە لە رابردوو لەو وڵاتە ژیاوە، بەڵام چەند ساڵێکە لە ئەسینا دەژی و مافی پەنابەریی لەو وڵاتەش وەرگرتووە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "یادە هەردوو گورچیلەی ئاوسابوون و پێویستیی خێرای بە چارەسەر هەبوو، من زۆر هەوڵمدا بگەڕێندرێتەوە بۆ کوردستان، بەڵام بەداخەوە هیچ کەسێک بەدەم داواکەمەوە نەهات و ئەمڕۆش بەهۆی لەکارکەوتنی گورچیلەکانی، گیانی لەدەستداوە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن