108 کوردستان

بارزانی: عێراق هیچ کات ناحەسێتەوە هەتا ئەو عەقڵیەتە مابێت

10:33 - 31/07/2025

زەمەن - هەرێمی كوردستان

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31-07-2025،  بەبۆنەی یادی 42 ساڵەی جینۆسایدکردنی 8 هەزار بارزانییەوە ، بارزانی رایگەیاندووە: "رژێمی پێشووی عێراق 8 هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی لە تەمەنی 9 ساڵ تاوەکو پیرەمێردی 90 ساڵان بەزۆر راپێچی بیابانەکانی باشووری عێراقی کردن و لەوێ دڕندانە کۆمەڵکوژی کردن."

بارزانی هۆکاری ئەو تاوانانە بۆ "عەقڵیەتی شۆڤینی و نکۆڵیکاری" دەگەڕێنێتەوە و هۆشداری دەدات کە تاوەکو ئەو عەقڵیەتە مابێت، عێراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێت. دەشڵێت: "دەبێ هەموو لایەک بزانن هەتا ئەو عەقڵیەتە مابێت، عێراق هیچ کات ناحەسێتەوە."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو تاوانە "بەشێک لەو تاوانانە بوو کە بەسەر رۆڵەکانی گەلی کوردستاندا هاتووە،" وەک بێسەروشوێنکردنی گەنجانی فەیلی، ئەنفالی گەرمیان و بادینان، و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە.

هاوکات، سوپاسی خەڵکی دەشتی هەولێر، هەریر و سۆران دەکات بۆ هاوکاری و هاوسۆزییان لەگەڵ بارزانییەکان، هەروەها پێزانینی خۆی بۆ "خۆڕاگریی کەسوکاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایک و ئافرەتە بارزانیانە" دەربڕیوە کە ساڵانێکی دوورودرێژ ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان چەشتووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن