113 کوردستان

هەرێم ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا

08:09 - 29/07/2025

زەمەن پرێس:
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، وردبینیی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شەش لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەبێ هیچ تێبینییەك تەواو كرا، هاوکات دەشڵێت "هەرێم ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا و بەنیازیشە بڕێک نەوتیش بدات بە کۆمپانیای سۆمۆ". 
 شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی وت "لە وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ زانیاریمان وەرگرت، لیستی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان وردبینیی تەواو كراوە و هیچ تێبینییەك نەبووە، هەروەها تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شەشیش وردبینیی تەواوی بۆ كراوە."
وتیشی: وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانیش خەریكی ئامادەكارییە تا بڕی پێویستی داهاتی نانەوتیی مانگی شەش بخاتە سەر هەژماری دارایی فیدراڵ.
دووبەردانی ئاشکراشیکرد: ناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە خاڵەكانی ناردنی مووچە، بەهۆی هێرشە درۆنییەكان بۆسەر كێڵگەكان، بەرهەمهێنانی نەوت كێشەی بۆ دروست بوو، بەڵام ئێستا كار دەكرێت بۆ ئەوەی بڕێك نەوت بدرێتە سۆمۆ و ئەوەش نزیك بووە.
پەرلەمانتارەکەی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ دەكات، بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ هیچ بیانوێكی نەبێت بۆ نەناردنی تەمویلی مووچەی مانگی شەش و دواتریش مووچەی مانگی حەوت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن