بەردەوامی هێرشە درۆنییەکان سەقامگیری عێراق دەخاتە مەترسییەوە
06:57 - 29/07/2025
زەمەن پرێس:
قوباد
تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا
لە هەرێمی کوردستان و پێکەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی
دیکەیان تاوتوێ کرد.
لە
کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان
هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور و لەڕێگەی گفتوگۆ و دانووستانی بەردەوامەوە.
لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی پابەندبوونی هەردوولا
بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچەی
فەرمانبەرانی هەرێم.
لە بەشێکی
دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرا. لەم
چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە زیانەکانی ئەو هێرشانە بۆسەر
ژێرخانی وزەی هەرێم، جەختیکردەوە کە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە سەقامگیری عێراق
دەخاتە مەترسییەوە و نابێت رێگە بە دووبارەبوونەوەیان بدرێت. هیواشی خواست حکومەتی
فیدراڵ لایەنی ئەنجامدەری ئەو هێرشانە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات و رووبەڕووی سزای
یاساییان بکاتەوە.