33 کوردستان

سبەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی مووچەی مانگەکانی ٦ و ٧ کۆدەبێتەوە

04:39 - 29/07/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

 سبەی چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوە و تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەش باسكردنە لە مووچەی مانگەكانی ٦ و ٧ی مووچەخۆران دەبێت.

 ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٥، بڕیارە سبەی چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆببێتەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش، مووچەی مانگەكانی ٦ و ٧ی مووچەخۆران و بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.

هاوکات، شاندی باڵای عێراق بۆ بەدواداچوونی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و چاككردنەوەی كێڵگە نەوتییەكان ئەم هەفتەیە ڕاپۆرتی خۆی تەواو دەكات و دەیخاتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ڕۆژی سێ‌ شەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەبارەوە دەدات و دواتر مووچەی مانگی 6 بەپێی مەرجەكانی عێراق، كە “هەناردەی بڕێك نەوت و ڕادەستكردنی 120 ملیاری ناوخۆیە” بڕیاری لێ‌ دەدرێت.

یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی بەغدا بۆ ناردنی مووچەی مانگی 6، بریتییە لەوەی دەبێت هەرێم 120 ملیاری دیکە رادەست بکات لە داهاتی ناوخۆ و سەرچاوەیەکیش لە داهاتی سلێمانی ڕایگەیاندووە، ئەوان 48 ملیار دیناریان لە داهاتی ناوخۆ ئامادەیە و چاوەڕوانی هەولێرن تا ڕادەستی بکەن، بە هەمان شێوە هەولێریش ئامادەییان دەربڕیوە و دەڵێن 120 ملیار دینارەکە ئامادەیە بۆ ئەوەی ڕادەستی بەغدای بکەن.

بە گوێرەی زانیارییەکان، دوای ڕادەستکردنی 120 ملیاری دووەم و کۆبوونەوەی سێ شەممەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ئەو ڕاپۆرتەی ئامادەکراوە بڕیار لە خەرجکردنی مووچەی مانگی 6 دەدرێت و کاتی دابەشکردنەکەشی دەکەوێتە مانگی ئاب (8)ەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن