بزوتنەوەى گۆڕان: هەنگاوەکانمان بۆ بنیاتنانەوە لەپێناو خەڵک دەستپێکردوە
11:11 - 24/07/2025
زەمەن پرێس:
بزووتنەوەى گۆڕان بەبۆنەى
ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەکەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، بزوتنەوەکەمان
بە هیوای مەزن و چاوی رەخنەگرانە و بەخۆداچونەوەوە، هەنگاوەکانی بۆ بنیاتنانەوە لەپێناو
خەڵک و نیشتیمانەکەمان دەستپێکردوە.
لەراگەیەندراوەکەدا
هاتووە: بزوتنەوەی
گۆڕان لە هەلومەرجێکی سیاسی هاتە ئاراوە، کە داخوازی خەڵک بۆ گۆڕانکاری و بەدیهێنانی
ئامانجە دیموکراسی و مەدەنیەکان لە لوتکەدا بو، بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان وڵامدەرەوەی
تەواوی ئەم داخوازیە رەوایانە بو، هێز و وزەی کۆمەڵایەتی لە هەمو بۆچون و جیاوازییەکاندا
رێکخست، شۆڕشێکی خێرای هۆشیارکەرەوەی سیاسی هێنایە ئارا و بەشداری سیاسی خەڵکی تا
ئەندازەیەکی باڵا زیاد کرد.
ئاماژە بەوەشکراوە، جەختیش لە بەردەوامیدان
لە تێکۆشانمان لەپێناو گۆڕانکاری لەسەر رێگا و رێبازی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەکەینەوە،
بە هەمان دەستور و بەرنامەی کە بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری داڕێژراوە.
دەقی
راگەیەندراوەکە:
شانزە ساڵ بەر لە ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان،
بە رابەرایەتی سەرکردەی نیو سەدە خەباتی گەلی کوردستان، رەوانشاد نەوشیروان مستەفا،
بۆ یەکەم جار تەلیسمی دەسەڵاتی قۆرخکاری حیزبی شکاند و خەباتی مەدەنییانەی خەڵک و
رەوتی چاکسازی بون بە خاوەنی گوتارێکی بەهێزی نیشتمانی دژ بە گەندەڵی و نایەکسانی
لە هەمو ئاستەکاندا.
بزوتنەوەی گۆڕان لە هەلومەرجێکی سیاسی
هاتە ئاراوە، کە داخوازی خەڵک بۆ گۆڕانکاری و بەدیهێنانی ئامانجە دیموکراسی و مەدەنیەکان
لە لوتکەدا بو، بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان وڵامدەرەوەی تەواوی ئەم داخوازیە رەوایانە
بو، هێز و وزەی کۆمەڵایەتی لە هەمو بۆچون و جیاوازییەکاندا رێکخست، شۆڕشێکی خێرای
هۆشیارکەرەوەی سیاسی هێنایە ئارا و بەشداری سیاسی خەڵکی تا ئەندازەیەکی باڵا زیاد
کرد، چونکە گوتاری سیاسی گۆڕان گوتارێکی نیشتیمانی لەسەر بنەمای هاوڵاتیبون داڕێژرابو
بە ئامانجی بە دامەزراوەییکردن و بەدیهێنانی کۆمەڵگە و دەسەڵات و سیستمی دادپەروەر
و دیموکرات، کە رێز لە مافەکانی خەڵک و ئیرادەیان بگرێت.
خەڵکی کوردستان، بەشێوەیەکی بەرفراوان
لە پێناو سەرخستنی ئەم بزوتنەوەیە هاتنە مەیدان و تێکۆشانیان بۆ سەرخستنی گۆڕان بەوپەڕی
شکۆمەندیەوە دەستپێکرد.
لە ئێستادا، کە یادی ئەم سەرکەوتنەی
بزوتنەوەکەمان و خەڵک دەکەینەوە، دۆخی خەڵکی کوردستان لە هەمو کاتێک خراپترە و ناڕەزایەتی
و داخوازیەکانی خەڵکیش بەرفراوانتربون. دۆخی (دارایی و ئابوریی، موچە و بژێوی هاوڵاتیان
و موچەخۆران، پەیوەندی سیاسی و شێوازی حوکمڕانی، مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین)
لە خراپترین ئاستیاندان.
دەمانەوێت ئەو راستیە بڵێین، کە بزووتنەوەکەمان
لەدوای کۆچی دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفاوە، کەوتە بەردەم مەترسی ناوخۆیی و دەرەکی.
لە ئاستی ناوخۆییدا، پەیڕەونەکردنی دەستور
و دیموکراسیەتی حیزبی، لادان لە هەڵوێست و
بەرنامە بنچینەییەکانی گوتاری سیاسی گۆڕان، هاتنە ئارای ململانێی نارەوا، هەروەها
بەرژەوەندی گروپ و دەستەگەریی لە جیاتی ململانێی شەرعی و دیموکراسی هۆکاری پاشەکشە
و لێکترازان بون.
له ئاستی دەرەکیشدا، نەیارانی گۆڕان و
بە نیشتیمانیکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، بە هەمو توانایانەوە کەوتنە پیلانگێڕان
و هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بەم رەوتەی کە چاکەی گشتی کردبوە پێوەری سەرەکی لە نێوکایەی
سیاسی گەلی کوردستان، چونکە دیدگا و بەرنامە سیاسیەکەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا
جگە لەوەی کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بوو، هاوکات بە مەترسییان دەزانی بۆ
سەر تەواوی هێزو گروپە سیاسیە قۆرخکارەکان و ئەجێندا نانیشتمانییەکان لە هەرێم.
ئێستا دوای هەمو ئەم قۆناغە سەختانەی رێڕەوی
شانزە ساڵەی تێکۆشانمان، بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵێنی دوبارە خۆبونیادنانەوە لەسەر رێباز
و دەستوری گۆڕان دەدات.
لەم ساڵیادەدا، جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان،
درود و سڵاو بۆ گیانی ئەو تێکۆشەرانە دەنێرێت کە لەپێناو گۆڕانکاری جەوهەریی دەسەڵات
و کۆمەڵگا بەرەو دیموکراسیەت و مەدەنییەت گیانیان بەخشی.
سڵاو بۆ هەر هاوڵاتیەکی کوردستان دەنێرین،
کە رۆژیک بەهیوای گۆڕانکاری لە ریزی تێکۆشانی بزوتنەوەکەدا تێکۆشاوەو ئیرادەی خۆی
لە بەشداری سیاسی کۆمەڵگادا وەک مۆمێک داگیرساندوە.
جەختیش لە بەردەوامیدان لە تێکۆشانمان
لەپێناو گۆڕانکاری لەسەر رێگا و رێبازی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەکەینەوە، بە هەمان
دەستور و بەرنامەی کە بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری داڕێژراوە.
لە کۆتاییدا، بۆ هەمو لایەک دەرکەوت، کە
پیادەکردنی بەرنامە و گوتاری نیشتیمانی گۆڕان رزگارکەری هەرێم بو لە شکست و قەیرانە
جۆربەجۆرەکانی، بە پێچەوانەشەوە لاوازبون و بێکاریگەربونی بزوتنەوەکە مایەی قوڵبونەوەی
زیاتری نەخۆشییەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و دامەزراوەکان و ناوبانگی سیاسی
هەرێمەکەمان بو.
لەبەرئەوە، بزوتنەوەکەمان بە هیوای مەزن
و چاوی رەخنەگرانە و بەخۆداچونەوەوە، هەنگاوەکانی بۆ بنیاتنانەوە لەپێناو خەڵک و نیشتیمانەکەمان
دەستپێکردوە.
بزوتنەوەی گۆڕان
مەکۆی سەرەکی - گردی زەرگەتە
24ی 7ی 2025