جەمیل بایک: هیچ هەنگاوێکی دیکە لە پرۆسەی ئاشتى ناچینە پێشەوە
07:21 - 24/07/2025
زەمەن پرێس:
هاوسەرۆکی کەجەکە دەڵێت، ئەو هەنگاوانەی
پێویستبوون ناویانە و تاوەکو دەوڵەت هەنگاو نەنێت هیچ هەنگاوێکی دیکە نانێن و قسە
سەپاندنیش بەسەریاندا قبوڵ ناکەن، دەشڵێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ تورکیا پێویستە
گرەنتی یاساییان پێبدرێت.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما
جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی یەنی یاشام
رایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا کەمێک لە گۆشەگیرییەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانی
کەمکردووەتەوە، کەچی دەیەوێت وەهای نیشانبدات کە گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان هەڵگرتووە.
گوتیشی، بۆ ئەوەی هەنگاوی نوێ بنرێت، پێویستە
کۆتایی بە سیستمی ئیمراڵی بهێنرێت و رەوشی ئۆجەلان باشبکرێت.
بایک مەرجەکانی هەنگاوی نوێی بزووتنەوەکەیانی
ئاشکراکرد و گوتی، "ئازادکردنی ئۆجەلان بە یاسا، دیموکراتیزەکردنی تورکیا و
چارەسەرکردنی کێشەی کورد، پێویستی بە دەرکردنی چەند یاسایەک هەیە لەسەر بنەمای
ئازادی و دیموکراسی، ئەگەر ئەو هەنگاوانە نران ئەو کاتە دەکرێت ئێمەش هەنگاوی نوێ
بنێین"
جەمیل بایک رەتیدەکاتەوە هەنگاوی دیکە بنێن و
دەڵێت، "ناتوانین تاوەکو کۆتایی هەنگاوی یەکلایەنە بنێین و کەس ناتوانێت
داوای هەنگاوی یەکلایەنەمان لێبکات، ئێمە هەنگاوی پێویستمان ناوە و کاتی ئەوەیە
دەوڵەت هەنگاو بنێت، هەنگاونانی یەکلایەنە لەلایەن ئێمەوە کۆتاییهاتووە و ئەوەی
ماوە هەنگاونانی دەوڵەت و حکومەتی تورکیایە و ئێمە چاوەڕێی دەوڵەتین".