17 ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی سۆرانی مامەحەمەدا.. شۆڕشی تەواونەکراوی سێبەری ئازادیو تیرۆر لەکوردستاندا
7/21/2025 2:00:00 PM
بەکر عوسمان
17 ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی دڕندانەی سۆران مامە حەمە تێدەپەڕێت، حەڤدە ساڵ بەسەر شەوی 21ی تەمموزی 2008دا تێپەڕیوە، کە سۆرانی مامەحەمە، ڕۆژنامەنووسێکی تەمەن 23 ساڵ کە لەلڤین مەگەزین کاریدەکرد، لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کەرکوک بە گوللە کوژرا. تیرۆرکردنی ئەو شەپۆلێک بوو لە شۆک بۆ ڕۆژنامەنوسان و هەڵسوڕاوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بوو بە مایەی نەفرەت و توڕەیی و سەرکۆنەی فراوان و داوای لێکۆڵینەوەی ورد کرا، بەڵام دوای 17 ساڵ ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە قێزەونە بە ئازادی دەسورێنەوە. تا ئێستا نە کەسێک دەستگیرکراوەو نە کەسێک تۆمەتبارکراوە، دوای 17 ساڵ هیچ دادگایەکی کوردستان دادپەروەری بۆ سۆران مامەحەمە نەگێڕاوەتەوە.
سۆرانی مامەحەمە پەیامنێرێکی گەنجو جەسور بوو، بەلێکۆڵینەوە ڕەخنەگرانەکانی لەگەندەڵیو پێشێلکردنی مافی مرۆڤو خۆدان لەقەرەی پرسە هەستیارەکانی دیکەی ناو هەرێمی کوردستان ناسرابوو.
دەنگێکی دیاربوو لەئاشکراکردنی گەندەڵیو پێشێلکارییەکان، ڕاپۆرتەکانی دەربارەی گەندەڵیو پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، هەروەها دەربارەی تێوەگلانی هێزە ئەمنییەکان بوو لە تاوانکاری. لە دوا ڕاپۆرتیدا کە ناوی "لەشفرۆشەکان کەرکوک داگیر دەکەن" ئاماژەی بە تێوەگلانی بەرپرسە باڵاکانی پۆلیس و دەزگا ئەمنیی و حزبیەکانی کردوە لە بازاری لەشفرۆشی و کرین و فرۆشتن بە جەستەی مرۆڤەوە.
تیرۆرکردنی سۆران تەنیا بێدەنگکردنی یەک دەنگی بوێر نەبوو، بەڵکو هێرشێک بوو بۆ سەر خودی ئازادی ڕادەربڕین. چیرۆکەکەی ئەو و چیرۆکەکانی سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، وێدات حسێن و ئەوانی دیکە، چیرۆکی بڕینی زمانی ئەو ڕۆژنامەنووسانە بوو کە بوێرن لە ئاشکراکردنی گەندەڵی بنەماڵەکان و دەسەڵاتی چینی بورژوازی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا.
سۆران پێش کوشتنی، چەندین جار هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو، لەنێویاندا پەیامێکی ساردکەرەوە هەیە کە لە 15ی ئایاری 2008، لەلایەن سەندیکای ڕۆژنامەنووسانەوە دۆکۆمێنت کراوە. سەرەڕای هەڕەشە و چاوسورکردنەوەکان، ئامادەنەبوو بێدەنگ بێت. دواتر ئەحمەد میرە سەرنووسەرەکەی ڕایگەیاند، کوشتنی سۆران بۆ "بێدەنگکردنی دەنگە ئازادەکانی کەرکوک" بووە.
شەوی تیرۆرکردنی، چەکدارانێکی نەناسراو کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری بی ئێم دەبلیویان لێخوڕیوە، لەدەوری ماڵەکەیان لەگەڕەکی شۆریجە بۆسەیان بۆ داناوەو تەقەیان لێکردوە، شایەتحاڵەکان باسیان لەپلانێکی نەخشەڕێژکراوکردوە، نەک کردەوەیەکی توندوتیژی هەڕەمەکی.
دۆسیەکەی وەک دۆسیەی زۆرێک لەڕۆژنامەنووسانی دیکە کە لەکوردستانی عێراق تیرۆرکراون، تائێستاش هەوڵی دیزەبەدەرخۆنەی دراوە، ئەمەش خۆی بەڵگەیەکی بەهێزە لەسەر سەرکوتکردنی سیستماتیکی دەنگە ناڕازیەکانی کوردستان، بەڵگەیەکی ئاشکرایە بۆ خەباتی بەردەوام لەپێناو دادپەروەرییو لێپرسینەوە لەتیرۆرەکان، لەهەمانکاتدا بیرهێنانەوەی ئەو مەترسیانەیە کە ڕوبەڕوی ئەوکەسانە دەبێتەوە، کە دەوێرن بەڕاستی بەرامبەر دەسەڵاتی ستەمکار قسە بکەن.
مایەپوچی سیناریۆی دادگاییکردنی بکوژانی سۆران ڕوداوێکی نامۆو سەیر نییە، دۆسیەکەی بۆتە هێمای پاراستنی بکوژانی ئەوانەی لەکوردستاندا ئازادیخوازانو ڕۆژنامەنووسان تیرۆر دەکەن. ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانی مەدەنی و سیاسی و ڕۆژنامەنووسانی دیکە هەن کە زۆرجار بە "شەهیدانی قەڵەم" یا "گیانبەختکردوانی دەنگی ئازاد"ناودەبرێن، بەهۆی ڕەخنەی سیاسی و نووسین و کاری ڕۆژنامەوانی، کوژراون یان هێرشیان کراوەتە سەر، دۆسیەکانیان لە سیستەمی دادوەریدا بەبێباکی فەرامۆش کراون. ئەم نەبوونی لێپرسینەوە بەربڵاوە کەشی ترس و تۆقاندن بەرپا دەکات، کەشێک کە ڕاپۆرتکردنی راستیەکان جڵەو دەکات و ئازادی ڕادەربڕین بە پۆستاڵی دەزگا تیرۆرستیەکانی دەسەڵات دەهاڕێ.
دووبارە بونەوەی سیناریۆی شکستی دەسەڵاتی دادوەری کوردستان لە دادگاییکردنی بکوژانی سۆران و سەردەشت و کاوە ویداد و هەموو ئەوانیتردا، هیچ گومانێک لە ناسەربەخۆیی دەزگای دادوەری و پاشکۆبونی بۆ سیستەمی حوکمڕانی ناهێڵێتەوە. ڕەخنەگران ئاماژە بە سیستەمی مافیایی و دەستێوەردانی سیاسی و لایەنگری لە بەرژەوەندی حزب و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان دەکەن، وەک هۆکاری سەرەکی لە شکستی دەزگای دادوەری. بۆیە دۆسیەی سۆران بە تەنیا کوشتنی یەک رۆژنامەنوس نییە. بەڵکو بەشێکە لە پلانێکی سیستماتیک بۆ خنکاندنی دەنگە ناڕازیەکان.
دوای حەڤدە ساڵ، بانگەوازی دادپەروەری بۆ سۆرانی مامەحەمە و "شەهیدانی قەڵەم"ی دیکە وەک جاران بەهێزی خۆیان ماوەنەتەوە و هەر بە کراوەیش دەمێننەوە. خەڵکی ئازادیخواز و خانەوادەکانیان بەردەوام پێداگری دەکەن لەسەر لێپرسینەوە و لەبیرکردنیان ڕەتدەکەنەوە، ئەم پێداگریە وەکو خۆی دەمێنێتەوە تا بکوژەکانیان دەهێنرێنە بەردەم دادگایەکی دادپەروەرانە و لێپرسینەوە لە خۆیان و ئەوانەی لە پشتیانەوە راوەستاون دەکرێت.
دادگاو گاڵتەکردن بەدادپەروەریی:
هەر دوای ڕوداوەکە پۆلیسی کەرکوک بەڵێنی لێکۆڵینەوەی وردی دا. بە "دۆخێکی جددی" ناوی برد کە شایەنی "سەرنجی تایبەتە"، بەڵام دوای 17 ساڵ هیچ لێکۆڵینەوەیەکی باوەڕپێکراو نەکراوە.
دەستوەردانی سیاسيی:
دانپێدانانی زۆرەملێ و کەیسە داخراوەکان: لە حاڵەتەکانی وەک کوشتنی کاوە گەرمیانی و سەردەشت عوسماندا، کەسانێک کە وەکو تاوانبار و بکوژ نیشان دەدرێت، دورو نزیک پەیوەندیان بەو تاوانە و کوشتنی ئەو رۆژنامەنوسانەوە نییە، ئەمانە لەسەر تاوانی تر گیراون و لەژێر گوشار و شکەنجەدا ناچار دەکرێت بەرپرسیارێتی تیرۆری ئەم کەیسانە بگرنە ئەستۆ. ئەمە لە کاتێکدا تاوانبارانی ڕاستەقینە ئازادانە دەسوڕێنەوە و ڕەنگە بۆ تیرۆری کەسانێک دیکەی ناڕازی ئامادە و تەیار بکرێن، چونکە باندی نوخبە سیاسی دەسەڵاتدارن.
گەمەی دادوەری: دادگاکان لە کوردستان چەندین جار لە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ڕۆژنامەنووسانیان شکستیان هێناوە. وەک پارێزەر کاوە لەتیف ئاماژەی پێکردووە، "هەرگیز ئەو کەسانە نادۆزنەوە کە بکوژەکانیان ناردووە".
خانەوادەی سۆران وەک خانەوادەی ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکانی دیکە لە دۆخێکی پڕ لە ئازاردا بەجێهێڵراون. براکەی، فەرمان مامەحەمە، لەساڵی 2024دا بەداخەوە دەڵێت: "دوای 16 ساڵ هیچ پێشکەوتنێک لە دۆسیەی براکەمدا نەبوە".
17 ساڵ کاتێکی یەکجار زۆرە بۆ چاوەڕێی دادپەروەری. بەڵام تا دادپەروەری بەدەست نەیەت شەڕەکە بەردەوامە. دۆسیەی سۆران وەک دۆسیەی سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و دیداد حسێن بە کراوەیی دەمێنێتەوە، نەک لەبەر دادگاکان، بەڵکو لەبەر ئەوەی هاوڵاتیان و کۆمەڵگای کوردستان ڕەتیدەکەنەوە لەبیریان بکەن. بۆیە تا ئەو کاتەی بکوژەکان دەمامکیان لەسەر هەڵدەگیرێن و لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا سزای خۆیان وەردەگرن، دۆسیەکانیان بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
زاراوەی "تیرۆر" زۆرجار وێنەی گروپە توندڕەوەکان وەبیر دەهێنێتەوە، بەڵام لە سایەی دەسەڵاتی بنەماڵەیدا کە وەکو نوێنەری چینی چەوسێنەر خۆی داسەپاندوە و بۆ ئەم مەبەستەش ئازادی دەخنکێنێت و بەشێوەی سیستماتیک دەنگە ناڕازییەکان لە ڕێگەی کوشتنەوە سەرکوت دەکات، شایانی ئەوەیە ناوی بنرێت تیرۆریزمی دەسەڵات یان بنەماڵە. کاتێک ڕۆژنامەنووسان لەسەر ڕاپۆرتەکانیان دەربارەی گەندەڵی یان پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەکوژرێن و هەرگیز بکوژەکانیان نادرێنە دادگا، ئیتر ئەوە ناردنی پەیامێکی ڕوونە کە ئەم بنەماڵە دەسەڵاتدارانە دەوڵەتی بنەماڵەیان بەرپاکردوە، هەرەمێکیان دامەزراندوە کە فەرمانەکان لە لوتکەی بنەماڵەوە دەردەچن و ئیتر هەموو ئاستەکانی هەرەمەکە بەشێوەی رەها گوێڕایەڵن. هەر هەمان بنەماڵەکان کۆنترۆڵی ئابووری و دەزگای هەواڵگری و میدیا و دەسەڵاتی دادوەری دەکەن. ئەوەی ناوی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە و ئەوەی ناوی چاودێری سەربەخۆیە، هیچ بونێکی نییە.
لەم سەردەمەی کوردستاندا بەردەوام پێمان دەوترێت کە شەڕ کۆتایی هاتووە، ئێمە ئێستا “ئازاد”ین، ئێمە “سەربەخۆیی”مان هەیە. بەڵام ئەوە چ جۆرە ئازادییەکە کە لە سایەیدا ڕۆژنامەنووسان لەسەر ئەنجامدانی کارەکانیان دەکوژرێن؟ چ جۆرە سەربەخۆییەک کاتێک قسەکردن ژیانت دەخاتە مەترسیەوە؟ تەنانەت ئەوە چ جۆرە دیموکراسییەکە کە ڕەخنەگران تیرۆر یان زیندانی دەکرێن و بکوژانیش پاداشت؟ لە سیستەمێکی وادا دەنگی ئازاد دەبێتە مەترسی بۆ خاوەنەکەی. تیرۆرکردن وەک ئامراز و پێداویستیەکی حوکمڕانی بەکاردێت.
هەموو گەنجێک کە خەونی گۆڕانکاری دەبینێت، دەبێت لێکۆڵینەوە لەوە بکات کە سۆران بوێری ئەوەی هەبوو بنووسێت. هەر چالاکوانێک کە بەدوای ئازادیدا دەگەڕێت، دەبێت مەشخەڵی ورەی کاوە هەڵبگرێت. هەر ڕۆشنبیرێک کە ڕاستیەکان دەرحەق بە دەسەڵات باس بکات، دەبێت قسەی کۆتایی سەردەشتی لەبیر بێت کە دەڵێت: "تا ئهو شوێنهی كه ماوین ئهبێت قسهبكهین، لهو شوێنهش، كه تهمهنمان كۆتاییهات با هاوڕێكهم خاڵێكم بۆ دابنێت و بێته سهر دێڕێكی نوی و سهر لهنوێ دهستپێبكاتهوه"
مێژووی ئەم قۆناغەی کوردستان مێژووی خەباتێکی هەمەلایەنە و درێژخایەنە بۆ نەخشاندنی چارەنووس و ڕزگاری لە دەسەڵاتە ستەمکارەکان. خەڵکی کوردستان زیاتر لە سێ دەیەیە بەرگەی ئازارێکی بێئەندازەی گرتووە، لەوانە سەرکوتی سیستماتیک، تیرۆری دەنگی ئازاد، دزینی ژیان و بەری ڕەنج و برسیکردنی هاوڵاتیانی کوردستان. تیرۆرکردنی سۆرانی و سەردەشت و کاوە و ویداد ڕوداوی هەڕەمەکی و توڕەبونی کەسی لە پشتیانەوە نییە، بەلکو هەریەک لەمانە سات و لایەنێکی ئەو خەباتی ئەم مێژووە نوێیەیە، بەشێکە لە چالنجی ئەو خەڵكەی کە ڕەتیدەکەنەوە حوکمڕانی بنەماڵە وەک چارەنووس قبوڵ بکەن.
ئێستا دەبینین هاوکێشەی تریش بۆ سەرکوت زیادی کردووە، کردنەوەی دۆسیەی یاسایی ساختە و سیناریۆ داڕشتن بۆ چالاکوان و هەڵسوڕاوانی مەدەنی و سیاسی. وەک دۆسیەی زیندانی شێروان شێروانی و چالاکوانانی بادینان. لێدان و پەلاماردانی جەستەیی و دەروونی، بە ئاشکرا و بە ڕۆژی ڕوناک لەبەرچاوی خەڵک لەسەر شەقام، بە شێوەی دڕندانە ئازار و ئەشکەنجەی چالاکوان و هەڵسوڕاوی مەدەنی و سیاسی دەدەن. بێشەرمانە لەکاتی هێرشەکەدا هەڕەشەش دەکەن ئەگەر بەردەوام بیت لە قسە کردن دەگەریینەوە بۆ کوشتنت! چەند رۆژ لەمەوبەر پارێزەر شوان سابیر لە نێو شاری هەولێر لەسەر شەقام، لەلایەن هێزێکی تایبەت بەشێوەیەکی نامرۆڤانە و بەربەریانە پەلاماردرا و هێرشی کرایە سەر. سەیرەکە لەوەدایە هەموو ئەو تاوان و پێشێلکاریانە ناو دەنێن حوکمرانی.
ئەمڕۆ ئەرکی ئێمە و هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە دادپەروەری هەیە، شکاندنی بێدەنگییە. شکاندنی ئەو بێدەنگییە کە دەستی تاوانکار هەوڵی بۆ دەدات. شکاندنی بێدەنگی بۆ ئەوەی نەک تەنها بکوژەکان ئاشکرا بکرێن بەڵکو کۆتایی بەو سیستەمەش کە دەیانپارێزێت.
یادکردنەوەی سۆران، یادکردنەوەی خەباتی بەردەوامی نەوەیەکە، خەباتێک کە راوەستان ناناسێ. شەڕی ڕاستەقینە هێشتا بەردەوامە، شەڕێک کە بۆ پاراستنی حورمەت و لێپرسینەوە لە تاوان و دەستەبەری ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستانە. لەم شەڕەدا، کەسانی وەک سۆران مامە حەمە، کاوە گەرمیانی، سەردەشت عوسمان و ویداد حسێن تەنها قوربانی نین. پاڵەوان و پێشەنگ و هێمای بەرخۆدانن. پەیامەکانیان مانفێستی شەڕەکانە. شەڕی خەڵک لەگەڵ دەسەڵاتی ستەمکار و سەرکوتگەر تاکو ئازادی و یەکسانی هەرگیز لە ڕاوەستان نایەت.
بەرزو بەڕێز یادی سۆرانو ئەوکەسانەی لەپێناوی ژیانو ئازادیو یەکسانیی گیانیان بەختکرد
تێبینی: باسی 17 ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی سۆرانی مامەحەمەدا درێژەی هەیە (ماویەتی)