19 کوردستان

قوباد تاڵەبانی: هەرێم خوازیارە هەموو كێشەكانی لەگەڵ بەغداد بەپێی دەستوور چارەسەربكات

06:46 - 17/07/2025

زەمەن پرێس:
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزی توركیا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد و چەند پرسێكی دیكە تاوتوێكران.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی تاڵەبانی بڵاویکردەوە، باس لە دوایین بەرەوپێشچوونەكانی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كرا و جێگری سەرۆك وەزیران پرۆسەی چەكدانانی بە هەنگاوێكی مێژوویی ناوبرد و هیوای خواست هەنگاوەكانی دیكەی پرۆسەی ئاشتی بە سەركەوتوویی بەڕێوەبچێت و لەم چوارچێوەیەشدا جەختیكردەوە لەسەر پشتیوانیی حكومەتی هەرێم لە پرۆسەكە و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك بۆ سەرخستنی پرۆسەكە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە كێشەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی كرا و قوباد تاڵەبانی داوایكرد توركیا ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا بكاتەوە.
لە تەوەرێكی دیكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆك وەزیران رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدای لەبارەی چارەسەركردنی كێشەی مووچە و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی بە هەنگاوێكی گرنگ بۆ بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا زانی .
تاڵەبانی جەختیکردەوە، هەرێمی كوردستان خوازیارە هەموو كێشەكانی لەگەڵ بەغداد بەپێی دەستوور چارەسەربكات و باڵیۆزی توركیاش خۆشحاڵی خۆی لە رێككەوتنەكە دەربڕی و هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بە‌غداد بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن