14وتار

ئایا کاتی پێکدادانی نێوان حیزب و خێڵە؟

7/15/2025 1:58:00 PM
د.شاهۆ سەعید

شەست ساڵ زیاترە پارتی و یەکێتی لە قەڵەمڕەوی خۆیاندا دوو حیزبی بێ ڕکابەرن. هەموو ئەوانەی ویستویانە جێ بە پارتی و یەکێتی لەق بکەن، یان شکستیان خواردووە یان تەسلیم بوون و بوونەتە پاشکۆیان.. لە حیزبە چەکدارەکانی سەردەمی شاخەوە بیگرە، تا گروپەکانی فشاری مەدەنی و خۆپیشاندانی شارەکان.. تا فراکسیۆن و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ناو پارلەمان.

گەر بپرسین هۆکار چیە؟ ڕەنگە دەسبەجێ سەرنجمان بۆ سێ هۆکاری سەرەکی بچێت: چەک و ئابوری و پشتیوانی ئیقلیمی. بەڵام هۆکاری چوارەم لە هەرسێکیان گرنگترە کە پەیوەندیی بە بونیاتی سۆسیۆ-سیاسی هەردوو حیزبەوە هەیە، کە بونیاتێکە لەسەر ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان شار و خێڵ دامەزراوە. 

پارتی و یەکێتی توانیویانە گەمە لەنێوان دوو گوتاری جیاوازدا بکەن؛ یەکەمیان ئاڕاستەی شار و کۆمەڵگای مەدەنی کراوە.. دووەمیان ئاڕاستەی خێڵ و کۆمەڵگای نەریتپارێز.. لەسەر ئاستی ئایدیۆلۆجی ناسیۆنالیست و چەپ بوون؛ بەڵام بەکردەوە دوو هێزی خێڵەکی و ناوچەگەر بوون. لە ڕاگەیاندندا بانگەشەیان بۆ دامەزراندنی قەوارەی نەتەوەیی و کۆمەڵگای مەدەنی کردووە؛ بەڵام لەناوخۆدا حیزبی بنەماڵەیی بوون و مۆدێلی پشتاوپشتکردنی دەسەڵاتیان جێبەجێ کردووە.. لە داپڵۆسینی نوخبە مەدەنی و شاریەکاندا پەنایان بۆ هێزی چەکداری خێڵ بردووە؛ بەڵام لە دامرکاندنەوەی یاخیبوونی خێڵەکاندا پەنایان بۆ گوتاری نەتەوەیی و پاساوی ئایدیۆڵۆجی و مەدەنی بردووە. 

ئەم مۆدێلەی حیزب کە لەسەر دوو پەت یاری دەکات داهێنراوی پارتی و یەکێتی نیە؛ بەڵکو لە زۆر شوێنی تری دنیا هاوشێوەی هەبووە و هەیە، زیاتر لە ئاژەڵێکی ئەفسانەیی مەسخ دەچێت، "کەلەسەر" و "جەستە"ی ناچنەوە سەریەک.. بە “سەر” مەدەنی و کۆماریخوازە، بە جەستە و چڕنوکیش بنەماڵەیی و خێلەکییە. بەڵام لۆجیکی سیاسی و ئەزمونە هاوشێوەکان پێمان دەڵێن ئەم مۆدێلەی حیزب تەمەنێکی دیاریکراوی هەیە و پاش تەواوکردنی سوڕی سروشتی خۆی کۆتایی دێت، چونکە یان دەبێت کەلەسەری بەتەنها گەشە بکات و ببێتە حیزبێکی مەدەنی، یان دەبێت لەشی وەک جەستەیەکی شێرپەنجەیی لەسەر حسابی پوکانەوە و مەرگی کەلەسەر نەشونوما بکات.

ڕەنگە پارتی و یەکێتی شاگەشکە و سەرمەستی ئەوە بن کە تا ئێستا توانیویانە گەشە بە جەستەی خێڵەکی و بنەماڵەیی و سەربازی و ئەمنی و ئابوریی خۆیان بدەن، بێ ئاگا لەوەی لەگەڵ گەشەی هەموو خانەیەکی ئەو جەستەیەدا بڕێک لە خانەکانی کەلەسەریان پوکاوتەوە و دەپوکێتەوە.. ئیتر ڕەنگە ڕۆژێک بێت بەشێوەیەک هاوسەنگی لەدەست بدەن کە بچووکترین هەڵنوتان، یان بچووکترین گۆڕانکاری لە هەلومەجی بابەتیدا، کۆتایی یەکجاری بە پەیوەندیی نێوان کەلەسەر و لاشەکە بێنێت.

تا ئێستا پارتی و یەکێتی سەرکەوتوو بوون لە دامرکاندنەوە و دەستەمۆکردنی خۆپیشاندانی شارەکان و فشاری مەدەنی و ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانیدا؛ بەڵام ئەوەی دژی شار و کۆمەڵگای مەدەنی پێیان کرا دژی خێڵ و کۆمەڵگای نەریتپارێز پێیان ناکرێ؛ نەک لەبەر ئەوەی خەڵکی شار ترسنۆک و دەستوپێ سپین وەک ئەوەی فەرماندەیەکی خێڵەکی لەم چەند رۆژەدا درکاندی؛ بەڵکو لەبەر ئەوەی هێزی سەربازی خێڵ و هێزی سەربازیی حیزب بەجۆرێک تێکەڵی یەکتر بوون کە مەحاڵە بخرێنە ناو دوو مەنجەڵی جیاواز و بەگژ یەکدا بکرێن. هەر هەنگاوێکی لەو جۆرە کارێکی خۆکوژانەیە، وەک ئەوەیە فیشەک بە جەستەی خۆیانەوە بنێن. 

ئەوەی تا ئێستا پەیوەندیی نێوان جەستەی خێڵەکی و سەربازیی هەڵاوساوی حیزب و کەلەسەرە لەرزۆک و لاوازەکەی هێشتووەتەوە بەرژەوەندیەکی ئابوری پەتی بووە؛ بەڵام پێدەچێت پارتی و یەکێتی چیتر نەتوانن خۆراک ببەخشنە ئەو جەستەیە و چیتر نەتوانن ئەو بەرژەوندییە وەک جاران دابین بکەن. بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە خۆیان ئارەزومەندانە کۆتایی بەو مۆدێلەی حوکمڕانیییان بێنن، واتە بەدەستی خۆیان ئازایانە ژەهرەکە بنۆشن، پێش ئەوەی بە زۆر دەرخواردیان بدرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن