50 کوردستان

خالید شوانی: مووچە هەموو مانگێک لەکاتی خۆی دەگات

02:45 - 17/07/2025

زەمەن _ هەواڵەکان

 

 خالید شوانی وەزیری دادی عێراق ئاشکرایکرد، ڕێکەوتنەکەی هەرێم و بەغداد تا کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت و هەموو مانگێک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەکاتی خۆی دەگات.

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٧ی تەمووزی ٢٠٢٥، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی نائاسیی ڕێکخشت، بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە و پەسەندکردنی ڕەشنووسی رێکەوتنەکە، ڕایگەیاند: ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە، تاکۆتایی ساڵ کاری پێدەکرێ و ڕەنگە سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی ئایار بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر لە کاتێکدا، داهاتی نەوتیش کەمبکات، ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک خۆی بەردەوام دەبێت.

هەروەها بەپێی زانیارییەکانی ''زەمەن'' لە خاڵێکی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداد، ئەماژە بەوەدراوە، ئەگەر هەرێم پابەندی خاڵەکانی ڕێکەتنەکە بێت، تا پەسەندکردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٦، ناردنی مووچە لە بەغدادەوە بەردەوام دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەپێی ڕێککەتنەکە، هەرێمی کوردستان دەبێت ڕۆژانە، ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات و ٥٠ هەزار بەرمیلیش بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاربهێنێت.

هەروەها لە داهاتی نانەوتیش هەرێمی کوردستان پابەندکراوە، بە ناردنی ٢٤٠ ملیار دینار بۆ مانگەکانی ٥ و شەش، دواتر لیژنەیەک پێکدەهێنرێت و سەردانی هەرێم دەکات بۆ ئەوەی بزانرێت هەرێمی کوردستان بە دروستی مانگانە چەندە داهاتی نانەوتی هەیە و پاشان ٥٠٪ ئەو دهاتە ڕادەستی بەغداد بکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن