900 عیراق

بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی (60) ڕۆڵەی پارێزگاکەمانتان پێڕادەگەیەنین

10:38 - 17/07/2025

زەمەن – هەواڵەكان

پارێزگاری واست: بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی بۆ گیانی قوربانیانی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی مۆڵی "هایپەر مارکێت" لە کوت ڕادەگەیەنین

پارێزگاری واست، محەمەد جەمیل مەیاحی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ماتەمینی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بۆ گیانی قوربانیانی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی مۆڵی "هایپەر مارکێت" لە ناوەڕاستی شاری کوت ڕاگەیاند، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان.

مەیاحی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "خەڵکی خۆشەویستی شاری کوت و پارێزگای واست، بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی کۆمەڵێک ڕۆڵەی پارێزگاکەمانتان پێڕادەگەیەنین، کە نزیکەی 60 کەس لە ژن و پیاو و منداڵ لە کوڕان و کچانتان لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە دڵتەزێنەکەی مۆڵی هایپەر مارکێتدا گیانیان لەدەستدا".

هەروەها لە بەیاننامەیەکی جیادا پارێزگاری واست ماتەمینی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بۆ گیانی قوربانیانی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکە لە کوت ڕاگەیاند.

میاحی وتیشی: "هیچ لێخۆشبوونێکمان نابێت بەرامبەر بەوانەی کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هۆکاری ئەم ڕووداوە بوون، کە گومانی زۆری لەسەرە"، وتیشی: "لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین".

هەروەها وتی: "داوای یاساییمان لەسەر خاوەنی باڵەخانەکە و خاوەنی مۆڵەکە و هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بەم ڕووداوەوە هەبووە تۆمارکردووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن