57 کوردستان

ئۆپۆزسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان جگە لە نەوەی نوێ هەڵوێستیان راگەیاند

01:15 - 15/07/2025


زەمەن - هەواڵەكان

بەشێک لە لایەنە ئۆپۆسیزیۆنەکان کە پێکهاتبوون لە (یەکگرتوو و رەوتی هەڵوێست و بزوویتەوەی گۆڕان) و پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی پەرلەمانی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، "ئێمە پشتگیری لە هەر خۆپیشاندان و رێکارێکی مەدەنی دەکەین و بەدەمیەوە دەبین، لەسەر پرسی مووچە هەر ئەرکێک بکەوێتە سەر شانمان درێغی ناکەین".

ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تەموزی 2025، لەناو بینای پەرلەمانی كوردستان، پەیامێکیان ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەکان کرد و وتیان، "خەریکە شارەکانی هەرێمی کوردستان بە سەربازگە دەکرێن و هەناسە و داوای هاوڵاتییان رێگەی لێدەگیرێت بە فیشەک رووبەڕووی دەبنەوە و کپ دەکرێت، بۆیە داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین ئەرکیان پاراستنی ماڵ و ژیانی خۆپیشاندەرانە، نەک خستنە مەترسی ژیانی هاوڵاتییان".

داواش لە هێزە ئۆپۆسیزیۆنەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن کە هەماهەنگ بن و پرۆژەی هاوبەشیان هەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، دەشڵێن، "بۆی بتوانین بەم دەسەڵاتە بڵێین هێز و رێکخراوی دیکە هەیە داوای مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات".

باسیان لە پرسی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا کرد و رایانگەیاند، "دەسەڵاتدارانی هەرێم گەیشتوونەتە بن بەست و هیچ چارەسەرێکییان پێ نییە، ماوەی دوو مانگ و نیوە دەستی دەستی بە مووچەخۆران دەکەن، بۆیە پێمان وایە تەنها رێگە چارە رێککەوتنی هەرێمە لەگەڵ بەغدا".
ئەوەشیان خستەڕوو، "دوو ساڵ و حەوت مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی بەسەرچووە کاربەڕێکەر و رۆژ بەڕێکەرە و سزای هاوڵاتییان دەدات، گرێبەستی نایاسایی دەکات، ئەمەش بە تاوان دەزانین دژی هاوڵاتییان و دەنگدەران، چونکە حکومەت نایەوێت پەرلەمانی هەبێت".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن