18 کوردستان

ئێران ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا راگەیاند

08:52 - 12/07/2025

زەمەن پرێس:
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاشکرای دەکات، وڵاتەکەی دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا قبوڵ دەکات، ئەگەر گەرەنتی ئەوە بدات، جارێكی تر هێرش ناكاتەوە سەری.
عراقچی، لە وتارێکدا بۆ دیپلۆماتکارانی بیانی لە تاران، کە ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس" وردەكارییەكەی بڵاوکردووەتەوە، رایگەیاند، ئێران هەمیشە ئامادە بووە و لە داهاتوشدا ئامادە دەبێت بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
وتیشی: دەبێت گەرەنتی ئەوە بدرێت ئەگەر دانوستانەکان دەستپێبکاتەوە، ئەو ئاڕاستەیە نابێتەوە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگ.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەى بەوەشکرد، ئەگەر ئەمریکاو لایەنەکانی دیکە بیانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەستپێبکەنەوە، سەرەتا دەبێت گەرەنتییەکی بەهێز هەبێت بەوەی ئەو کردەوانە دووبارە نەبنەوە، هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، گەیشتن بە چارەسەری دانوستانکاری قورستر و ئاڵۆزتر کرد.
عراقچی جەختی لەوە کردەوە، هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کۆتایی نەهاتووە، بەڵام هەموو چالاکییەکانی پەیوەست بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، رەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەکرێن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن