پەرلەمانی تورکیا بڕیاریدا پشوو وەرنەگرێ و بڕیار لە دۆزی (٤٠) ملیۆن کوردبدات
01:40 - 27/06/2025
زەمەن- هەواڵەکان
لەهەنگاوێکدا پەرلەمانی تورکیا بڕیاریدا بەردەوامبێت لەکارکردن
و پشوو وەرنەگرێت، ئەوەش یەکێک بوو لە داواکارییەکانی پارتی دەم بۆ سەرخستنی پرۆسەی
ئاشتی.
بەزۆرینەی دەنگ ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا لە
دانیشتنی رۆژی 25ی حوزەیراندا بڕیاری دا، پشوو وەرنەگرێت و لە کارەکانی بەردەوامبێت،
لە کاتێکدا بەگوێرەی ماددەی 93ی دەستوور و پێنجەمین ماددەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان،
دەبێت پەرلەمان لە یەکی تەمموز بچێتە پشووی هاوینەوە.
سەرلەبەیانی رۆژی هەینی، 27ی حوزەیران، بڕیارەکەی ئەجوومەنی
گشتیی پەرلەمانی تورکیا، لە رۆژنامەی فەرمیی دەوڵەتدا بڵاوکرایەوە.
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، پارتی دەم چەند جارێک داوایکرد، پەرلەمانی
تورکیا پشووی هاوینە وەرنەگرێت و بەردەوامبێت لە کارەکانی، ئەوەش بەمەبەستی
دروستکردنی لیژنەیەک بۆ ئامادەکردنی زەمینەی یاسایی بۆ ئەو پرۆسەیەی، لە کۆتایی ساڵی
رابردووەوە دەستیپێکردووە، بەتایبەت پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی.