فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان: لیژنەی ئەمنی سلێمانی سەرەتاییترین مافی بە خەڵک ڕەوا نەبینی
06:20 - 26/06/2025
زەمەن پرێس:
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی
کۆمەڵگەی مەدەنی راگەیەندراوێکی بە ناونیشانی "دژ بە ڕەشبگیری و پێشێلی مافی
مرۆڤ لە سلێمانی" بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: "بەداخەوە لە کاتێکدا دوو
مانگە مووچە دابەشنەکراوە، لیژنەی ئەمنی سلێمانی سەرەتاییترین مافی بە خەڵک ڕەوا
نەبینی".
فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
رایگەیاندووە، "بەداخەوە لەکاتێکدا دوومانگە مووچە دابەشنەکراوە، فەرمانبەران
و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گشتی لە دۆخێکی دارایی و دەروونی دژواردا دەژین،
لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی بە ڕاگەیەندراوێک رۆژی 24ـی 6ـی 2025، سەرەتایترین
مافی بە خەڵک ڕەوا نەبینی و وتی، ئێستا گونجاو نییە بۆ خۆپیشاندان. بەوهۆیەوە
مووچەخۆران و چالاکوانانی مەدەنی بڕیاریاندا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر دۆخەکە
گردببنەوە، بەڵام بەداخەوە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە
شێوەیەکی نا مەدەنی و نا یاسایی، رەشبیگرییان دەستپیکرد و دەیان کەس لە مامۆستا،
چالاکوانی مەدەنی، ئەندامی پەرلەمان، میدیاکار، چالاکوانی سیاسی و ئەندامانی
پارتەسیاسیەکان دەستگیرکراون، کە بەشێکیان تەنها نییەتی خۆپیشاندانیان هەبووە و
بەشداریان نەکردووە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، میدیاکاران تەنها بە ئەرکی
پیشەیی چوون بۆ ڕووماڵ و پێشێلی هیچ یاسایەکیان نەکردووە، ئەمە جگە لەوەی
دوێنی 25ـی 6ـی 2025، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی رایانگەیاند 11 کەسیان
بە یاسایی ڕێکخستنی خۆپیشاندان، ژمارە (11)ی ساڵی (2010) ماددەی (10) دەستگیرکردووە،
لە کاتێکدا یاساکە تەنها پۆلیسی ڕاسپاردووە بەجێبەجێکردنی ئەم ئەرکە نەک ئاسایش و
هیچ دەزگایەکی تری ئەمنی.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەم هەڵمەتە
نا مەدەنیانەیە بە تەواوی پێچەوانەی هەموو یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانە، لە
هەمانکاتدا پێچەوانەی درووشمەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، کە بەرپرسی ئەو
دەزگایانەی ئەندامی ئەون و پارتی دەسەڵاتداری ئەم ناوچەیەیە."
فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەشڵێن
"ئێمە وێرای ئیدانەکردنی توندی ئەم هەڵسوکەوتە نا مەدەنی و نا یاساییە،
پارێزراوی گیانی هەموو دەستگیرکراوان و دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو هاوڕێیانەمان کە
لە زیندان ماون، دەخەینە ئەستۆی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی
لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی و داواکاریشین کۆتایی بە دۆخی سەربازیکراوی شاری
سلێمانی بهێنن."