277 جیهان

ئیسرائیل سیخوڕێکی ئێرانی دەستگیرکرد

03:53 - 23/06/2025

زەمەن _ جیهانی

 

 پۆلیس و دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شین بێت) رایانگەیاند، سیخوڕێکی ئێرانیان لە شاری حەیفا دەستیگیرکردووە، کە بۆ هەرکارێکی سیخوڕی ٥٠٠ دۆلاری وەرگرتووە.

 ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، وتەبێژی پۆلیس و دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شین بێت)، ئاشکرایکردووە، پیاوێک بە ناوی کۆهین، تەمەن ٢٨ ساڵ، هەواڵگریی لەسەر هاوڵاتیانی ئیسرائیل کۆکردووەتەوە، وێنەی ماڵ و دەوروبەریانى گرتووە و بۆ بەرپرسە ئێرانییەکەی ناردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا تۆمەتبار بکرێت.

باس لەوەش دەکرێت کە بۆ هەر ئەرکێک بڕی ٥٠٠ دۆلاری وەرگرتووە و لە کارەکانیشى مۆبایلى جیاوازی بەکارهێناوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەستگیرکردنى ئەو کەسە نوێ نییە و مانگێک لەمەوبەر و  پێش هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران، کۆهین لەلایەن ئەفسەرانی پۆلیسی یەکەی لێکۆڵینەوە و هەواڵگریی ناوچەی کەناراوەکانەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ شین بێت، دەستگیرکراوە.
پۆلیس و شین بێت دەڵێن، چاوەڕوان دەکرێت داواکارانی گشتیی دەوڵەت لە نووسینگەی داواکاری گشتیی حەیفا لە رۆژانی داهاتوودا تۆمەتی فەرمی  سیخوڕى کردن ئاڕاستەى کۆهین بکەن.

هاوکات، ماڵپەڕی Ynet ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، پۆلیس گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی ناوچەی شارۆنی بە گومانی سیخوڕیکردن بۆ تاران دەستبەسەر کردووە. وا گومان دەکرێت گەنجەکە پەیوەندی بە بریکارێکی ئێرانییەوە کردبێت و لە ماوەی جەنگدا زانیاریی نهێنی پێدابێت. دەوترێت کەیسەکە لەلایەن شین بێتەوە بەڕێوەدەبرێت. پۆلیس تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر دەستگیرکردنی ئەو گەنجە 19 ساڵە نەداوە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەى رابردوودا و تەنانەت ئەمڕۆش، حکومەتى ئێران ژمارەیەک کەسى بە تۆمەتى سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیرکردووە و چەند کەسێکیشى لەسێدارە داوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن