23 کوردستان

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: چەندین سەنتەری نوێی ئۆتیزممان کردوونەتەوە

04:08 - 03/06/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

 وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: چەندین سەنتەری نوێی ئۆتیزمیان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە؛ "کۆمەڵێک ئیمتیازمان بۆ منداڵانی ئۆتیزم، نابینا، بیرکۆڵ و نابیست تەرخان کردووە."

 ئەمڕۆ سێشەممە، ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و ئاشکرایکرد، "چەندین سەنتەری تازەی ئۆتیزممان لە کفری، ئاکرێ، بازیان، هەڵەبجە و کەلار کردوونەتەوە؛ لە رۆژانی داهاتوودا لە قەزای دیکەی هەرێمی کوردستان، سەنتەری نوێ دەکەینەوە."

وتیشی: رێنمایی کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزمیان هەموار کردووەتەوە؛ بە شێوەیەکە کە کەرتی تایبەت بتوانێت سەنتەری ئۆتیزم بکاتەوە و لەنێوان خۆیان کێبڕکێ بکەن بۆ ئەوەی نرخەکان دابەزێنن.

کوێستان محەممەد دئاماژەی بەوەشدا، هەر ماڵێک دوو منداڵی ئۆتیزمیان هەبێت، دایک و باوکی دەتوانن مۆڵەتی بەخێوکەر وەربگرن. هاوکات وامان کردووە کە هەموو منداڵێکی ئۆتیزم بتوانێت لە نەخۆشخانەی حکومی چارەسەر وەربگرێت.
دەشڵێت، "کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە منداڵانی ئۆتیزم پشکنینیان بەبێ بەرامبەر بۆ بکرێت و هەر خێزانێکی ئۆتیزم بچێتە فڕۆکەخانە، یەکسەر مامەڵەکانیان بۆ جێبەجێ دەکرێت."

لەبارەی ئەو منداڵانەی ئۆتیزم کە مووچەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە، کوێستان محەممەد روونیکردەوە، "پشکنینمان بۆ کۆمەڵێک منداڵ کردووە کە ئۆتیزمیان هەیە و ناوەکانیانمان لە لیستێک تۆمار کردووە و بردوومانەتە بەغدا؛ خۆم دوو جار سەردانی بەغدام کردووە و هێشتا جێبەجێ نەبووە."

وەزیری کۆمەڵایەتی دەربارەی ئاسانکاریی منداڵانی ئۆتیزم باسی لەوەکرد، "ئەو منداڵانەی سەردانی سەنتەرەکانی ئۆتیزمی حکومی دەکەن، بە پاسی حکومی هاتووچۆی پێ دەکرێت. هاوکات بەیانیان ژەمەنانێکی سووکیان هەیە و پارەی گیرفانیان هەیە مانگانە 30 هەزار دیناریان پێدەدرێت و ئەمە یەکەم جارە."

وتیشی: "پەیمانگەکانی نابینایان، بیرکۆڵ، نابیست و ئەوانی دیکەیش... هەمان ئیمتیزاتیان هەیە"

کوێستان محەممەد دەڵێت، ''لە قەزای سەیدسادق 50 منداڵی ئۆتیزم هەن، بەڵام قەزاکە هیچ سەنتەرێکی ئۆتیزمی لێنییە''.

لەبارەی لێبووردنی گشتییەوە، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان وتی: "وەک حکومەت پڕۆژەیاسایەکمان ئامادە کردووە، 10 پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستانیش پڕۆژەیاسایەکیان ئامادە کردووە؛ یەکەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە؛ بەڵام لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەکرێت هەردوو پڕۆژەیاسایەکە بکرێنە یەک و دەنگی لەسەر بدرێت."

لە کاتی هەمواری یاسای کەمئەنداماندا، داواکرا کە هەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی نوێ دروست کرا، بەشێکی بە خۆڕایی بەو توێژە بدرێت. کوێستان محەممەد لەمبارەیەوە ئاشکرایکرد، "تەنیا یەک پرۆژە لە سلێمانی ئامادە بووە ٧٪ی بەو توێژە ببەخشێت، کە 45 یەکەی نیشتەجێبوونە و بە بڕیارەکە پابەند بووە."

هاوکات، لەبارەی ئەوەی کە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا، تەنیا منداڵانی خوار ١٢ ساڵ لە سەنتەرەکانی ئۆتیزم وەردەگیرت؛ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وتی: "خەریکین باڵەخانەیەکی نوێ دروست دەکەین لە سلێمانی، ئەویان بۆ ئەو منداڵانەیە لە 12 بۆ 18 ساڵانن. ئەگەر سەرکەوتوو بوو، دەیگوازینەوە هەموو هەرێمی کوردستان."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن