67 کوردستان

مەسرور بارزانی: پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و عێراق دەکەم بۆ ئەم دەستکەوتە گەورەیە

01:41 - 20/05/2025

زەمەن:-

 

 مەسرور بارزانی  ڕایگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە ملیار دۆلارییە، پابەندی هەرێمی کوردستان بۆ ئاشتی و پەرەپێدانی ئابووری لە ناوچەکە دەسەلمێنێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٥، لەدوای ئیمزاکردنی گرێبەستەکانی بواری وزە لە نێوان هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی و وێستێرن زاگرۆس لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم، دەلێت: زۆر خۆشحاڵم جارێکی دیکە لێرە لە واشنتنم کە سەرپەشتنی ئیمزاکردنی ئەم دوو ڕێککەوتنە گرنگە بکەم، بە دڵنیاییەوە ئەم دوو کۆمپانیایە، ئێچ کەی ئێن و وێسترن زاگرۆس لە هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە کار دەکەن، کە ڕۆڵیکی کارا و کاریگەریان بۆ هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و دواجاریش بۆ عێراق هەبووە، هاوکات سوودیان بۆ کۆمپانیاکەی خۆیان و وڵاتەکەشیان هەبووە.

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێم خۆی تەرخان کردووە و زۆر پابەندبووە بە پەرەپێدانی سێکتەری وزە، بە تایبەت پرۆگرامی چاکسازییەکانی ئێمە بووەتە هەنگاوێک بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، هیوادارین لە دابینکردنی کارەبا بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش هاوکار بین.

وتیشی: پیرۆزبایتان لێدەکەم و پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و گەلی عێراق دەکەم بۆ ئەم دەستکەوتە گەورەیە، هەروا پیرۆزبایی لە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەکەم، کە بەشێک بوون لەو هاوبەشییە گرنگە لەگەڵ ئێمە، لەم بڕوایەدام ئەمە دەبێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێ لە پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی، باسی لەوەشکرد: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر، ئەو کاتەی بە هاوبەشی لە دژی دیکتاتۆرییەت و دژی تیرۆر شەڕمان کرد و توانیمان ئاسایش و سەقامگیری دەستەبەر بکەین، ئێستاش زۆر ئامانجی هاوبەشمان هەیە، بەڵام هاوبەشییەکەمان زۆر لە شەڕی تیرۆر و چالاکی سەربازی گەورەترە، چونکە بڕوامانوایە پەرەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنان لە بواری وزە دەکرێت قوڵتر و فراوانتر بکرێتەوە و بەهێزتر و بەهێزتر بکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن