نێچیرڤان بارزانی: بەغدا لە چوارچێوەی دەستوورهەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ناکات
02:23 - 18/05/2025
زەمەن:-
نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: سیستەمی فیدراڵی لە عێراق بە تەواوەتی جێبەجێ نەکراوە و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوورهەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ناکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٨ی ئایاری ٢٠٢٥، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران وتارێکی پێشکەشکرد و لەو نێوەنددەدا وتی: عێراق دەبێت پرسی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، ٨٠٪ی هاوڵاتیانی عێراق دەنگیان بە دەستوور داوە و ئەگەر ئەو دەستوورە وەکوخۆی جێبەجێبکرێت زۆربەی کێشەکانی ولاتەکە چارەسەر دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەند و فرە ڕەهەندە و دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە سەقامگیری لە ناوچەکەدا بگێڕێت.
هاوکات، بارزانی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و ئێرانی بە مێژوویی وەسف کرد ، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ٨٠٪ بازرگانی عێراق لەگەڵ ئێران لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت و ئەو پەیوەندیە بازرگانیانە لە داهاتووشدا پەرەی زیاتر دەستێنێت.