369 کوردستان

وتەبێژی حزبەكەی ئاردۆگان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە

11:02 - 12/05/2025

زەمەن - هەرێمی كوردستان

ئۆمەر جەلیک، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا ئه‌مڕۆ دوشەممە، جەختی لە گرنگی "جێبەجێکردنی کۆنکرێتی و تەواوەتی بڕیاری کۆتاییهێنان و تەسلیمکردنی چەک بە هەمو لق و درێژکراوەکان و پێکهاتە نایاساییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان" کردەوە، بە "خاڵی وەرچەرخان" لە هەوڵەکانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لە قەڵەمیدا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "دامودەزگا حکومییەکانمان لە نزیکەوە چاودێری ئەم پرۆسەیە دەکەن لەسەر زەمین، ئەو قۆناغانەی پێی گەیشتون دەخرێنە بەردەم سەرۆکەکەمان".

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئه‌مڕۆ ئه‌نجامی كۆنگره‌ی 12هه‌مینی خۆی ڕاگه‌یاند، كه‌ تیایدا بڕیاریداوه‌ به‌ هەڵوەشاندنەوەی خۆی.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ده‌ڵێت، "کۆنگرەکەمان سەرەڕای دۆخی دژوار کە شەڕ و پێکدادان بەردەوام بون، هێرشەکان لە ئاسمان و زەوییەوە درێژەیان هەبو، گەمارۆی سەر ناوچەکانمان و گەمارۆی بەردەوام بو، بە شێوەیەکی پارێزراو بەڕێوەچو، لەبەر هۆکاری ئەمنی، هاوکات لە دو ناوچەی جیاواز بەڕێوەبرا، کۆنگرەی 12ـی پەکەکە کە بە بەشداری 232 نوێنەر بەڕێوەچو، بابەتەکانی ڕێبەرایەتی، شەهیدان، بریندارەکان، بونی ڕێکخراوەیی پەکەکە و شێوازی خەباتی چەکداری لەگەڵ بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتی گفتوگۆ کرد و بڕیاری مێژویی وەرگرت کە دەستپێکی قۆناخێکی نوێیە بۆ بزوتنەوەی ئازادیمان".

ئه‌و هه‌نگاوه‌ی په‌كه‌كه‌ دوای زنجیرەیەکی درێژخایەنی دانوستانی نێوان ئۆجەلان و حکومەتی تورکیا دێت لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی "پرۆسەی ئاشتی بەردەوام" لە نێوان هەردولا دوای ململانێی چەکداری چوار دەیە، هەروەها بانگەوازی سەرۆکی پارتەکە بۆ ئەوەی شوێنکەوتوانی چەک دابنێن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن