14 کوردستان

پەکەکە کۆتایی بە خەباتی چەکداری هێنا و خۆی هەڵوەشاندەوە

10:59 - 12/05/2025

زەمەن - كوردستانی

پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویکردەوە: 12ـیەمین کۆنگرەی پارتەکەیان بە سەرکەوتوانە تەواو بوە و لە یەك کاتدا لە دو ناوچەی جیاواز بە هۆکاری ئەمنی سازدراوە، کە تێیدا 232 ئەندام بەشدار بوە.

 

 ئاماژە بەوەشکراوە: پەکەکە ئەرکی مێژویی خۆی تەواوکردوە و لەسەر ئەو بنەمایەش بەبڕیاری عەبدوڵا ئۆجەلان، لە کۆنگرەکەدا بڕیاردراوە بە هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێكخراوەیی پارەتەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری و ئەو چالاکییانەی کە بەناوی پارتەکەوە ئەنجام دەدرێن.

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا پەکەکە ڕونیکردوەتەوە: بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە، ڕێگە بە دانانی بناغەیەکی تۆکمەی ئاشتی و دیموکراسی بۆ گەلی کورد دەدات، هەروەها ئەو بریارانەی باسیان لێوە دەکرێت، پێویستی بە ئاڕاستەکردن و گەرەنتی یاسایی دروست هەیە.

دوپاتیشی کردوەتەوە، دوازدەهەمین کۆنگرەی پارتەکەیان لەسەر داخوازی سەرۆکایەتی ئەنجامداوە و بەڵێنی سەرکەوتنی پڕۆسەکە بە هەمو شەهیدان و سڕری سورەییا ئوندەر دوپات دەکەنەوە.

ئەوەش خراوەتەڕو: ڕاپەڕینەکانی کورد لە مێژوی کۆماریدا، دیالێکتیکی پەیوەندییەکانی کورد و تورك بە درێژایی هەزار ساڵی مێژو و خەباتی 52 ساڵەی ئۆجەلان نیشانی دەدەن کە پرسی کورد، تەنها لەسەر بنەمای وڵاتێكی هاوبەش و هاڵاتییەکی یەکسان چارەسەر دەبێت.
باس لەوەش کراوە: ئەو پێشهاتانەی ڕۆژانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی سێیەمدا ڕودەدەن، پێویستی بە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی کورد و تورکیا هەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن