107 کوردستان

وه‌زیرێكی هه‌رێم بۆ پاپای نوێ: لە قەڵا بەرزەکەی هەولێر و لە عەنکاوە چاوەڕێت دەکەین

10:00 - 09/05/2025

زه‌مه‌ن - هه‌رێمی كوردستان

 

ئانۆ جهوهه‌ر وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی هه‌رێم لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: بە دڵێکی پڕ لە باوەڕ و تکاکارییەوە پێشوازیی لە هەڵبژاردنی پاپای نوێ دەکەین، کە ئاڵای کڵێسا هەڵدەگرێت لە جیهانێکدا کە تینووی خۆشەویستی و ڕاستییە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پاپا ڕۆبێرت فرانسیس پریڤۆست، لە یەکەم گوتاریدا کە پێشکەشی کرد، گوتی، هیوادارم ئاشتی لەگەڵ هەمووان بێت و جەختی لەسەر گرنگی ئاشتی و یەکگرتووی لەو جیهانە پڕ لە کێشەیەدا کردەوە.

ئانۆ جەوهەر، گوتی: پاپای کۆچکردوو، کە ڕۆژهەڵاتی خۆشدەویست و لە کاتە سەختەکاندا سەردانی وڵاتەکەمانی کرد. سەردانەکەی مایەی خێر و بەرەکەتێکی زۆر گەورە بوو بۆ ئێمە، نزایەک بوو بۆ خاکی باوک و باپیران و شەهیدانی میزۆپۆتامیا و کوردستان، هەروەها شایەتی ئەوە بوو کە کوردستان هەمیشە پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ مەسیحییەکان و پەیوەندیی خۆی لەگەڵ سەرکردایەتی کوردستان و خەڵکە میهرەبان و دڵسۆزەکەی بەهێزتر کرد، کە لە سەردەمی شەڕی داعشدا لەگەڵ مەسیحییە عێراقییەکان لە تەنگانەدا وەستابوون.

جەختی لەوەش کردەوە، پەیوەندی نزیک و برایەتی نێوان پاپای خوالێخۆشبوو و سەرۆک بارزانی شایەتحاڵی پێگەی مێژوویی کوردستان و سەرکردایەتی و گەلەکەی بوو، لە پاراستن و پتەوکردنی بناغەکانی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە ئازادی ئایین و بیروباوەڕەکان. سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، ئایینی مەسیحی نەک هەر بوونی خۆی لە کوردستاندا پاراستووە، بەڵکو لەژێر سەرکردایەتی ژیرەکەیدا گەشەی کردووە و بەردەوامیش لە گەشەکردندایە.

سكرتێری گشتیی سه‌رۆكایه‌تیی هاوپه‌یمانیی مه‌سیحی، دەڵێت: داوا لە پاپای نوێ دەکەین ڕۆژهەڵات لە دڵی خۆیدا بهێڵێتەوە، لە نزیکەوە گوێ لە دەنگی ئەو خۆڕاگرانە بگرێت کە هێشتا بە شانازییەوە خاچیان هەڵگرتووە لە خاکێکدا کە دوو هەزار ساڵە باوەڕ لێی دوور نەکەوتووەتەوە، سەرەڕای ئاڵنگارییەکان.

گوتیشی: باوکی پیرۆز لیۆی چواردەیەم لە هەولێر و قەڵا بەرزەکەی و لە عەنکاوە نزای خێرتان بۆ دەکەین و چاوەڕێت دەکەین.
پاپە نوێیەکە بە ڕەچەڵەک ئەمەریکییە و لە ساڵی 1955 شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئێلینۆیسی ئەمەریکا لەدایک بووە و تەمەنی 69 ساڵە.
دوێنێ پێنجشەممە 8ـی ئایاری 2025، ڕۆبێرت فرانسیس پریڤۆستی ئەمەریکی، ناسراو بە لیۆی چواردەیەم، بە 267ـەمین پاپای ڤاتیکان هەڵبژێردرا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن