قایمقامیەتى سلێمانى بەنزینخانەیەکى داخست فێڵى لە لیژنەکان کردبوو
09:45 - 08/05/2025
زەمەن - کوردستانى
قایمقامیەتى سلێمانى رایگەیاند، بەهۆی خراپی کوالیتی بەنزینەکەیەوە، بەنزینخانەیەکیان لە تاسڵوجە داخستووە، سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت، ئەو بەنزینەی کە کوالیتیەکەی باشە و ژمارەی ئۆکتانەکەی ئاساییە خاوەنەکەی تەنها بۆ پشکنین بەکاری هێناوە.
قایمقامیەتى سلێمانى رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی کارو ئەرکی چاودێریکردنیان بۆ جۆرە جیاوازەکانی سوتەمەنی لە بەنزینخانەکانی سنوری شاری سلێمانی، ئەمرۆ پێنجشەممە ٨/٥، لە لایەن لیژنەی سوتەمەنییەوە، بەنزینخانەی چەرمەگا لە تاسلوجە داخرا.
لەبارەی هۆکاری داخستنەکەوە، سۆران کەمال، سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی رایگەیاند، دوای پشکنین و بەدواداچونی لیژنەکەیان، دەرکەوتووە لە بەنزینخانەکەدا بەنزینی جۆری نۆرماڵی بە دوو کوالیتی جیاواز بوونی هەبووە، کە خاوەنەکەی بەنزینە کوالیتیە خراپەکەی بەهاوڵاتیان فرۆشتووە، ئەو بەنزینەشی کە کوالیتیەکەی باشە و لە ژمارەی ئۆکتانی بەنزینی ئاساییدا هەیە، تەنها بۆ کاتی پشکنین بەکارهێناوە، هەر بۆیە دوای دڵنیابوونەوەی لیژنەکە لەم کارە نایاساییە، دەستبەجێ بە بریاری قائیمقامی سلێمانی، بەنزینخانەکە داخراوە و رێگری لە فرۆشتنی بەنزینەکە کراوە.