35 جیهان

دووکەڵی ڕەش لە دووکەڵکێشی ڤاتیکان بەرز بووەوەو نەتوانرا پاپا هەڵبژێردرێ

12:54 - 08/05/2025

زەمەن - جیهانی
لە سەرانسەری جیهانەوە لە کەنیسەی سانت پیتەرس لە ڤاتیکان، پرۆسەی دەنگداندانیان بۆ هەڵبژاردنی پاپایەکی نوێ دەستپێکردووە و لە یەکەم رۆژی هەڵبژاردندا، نەیانتوانی پاپای نوێ دەستنیشان بکەن

دوێنێ 7ـی ئایاری 2025، هەڵبژاردنی نهێنی بۆ دەستنیشانکردنی 267ـەمین پاپای ڤاتیکان بەڕێوە چوو.

نزیکەی 30 هەزار کەس لە مەیدانی بەناوبانگی سەنت پیتەر لە ڤاتیکان لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی پاپای نوێدا ڕاوەستابوون، بەڵام کاتژمێر 10ـی شەو دووکەڵی ڕەش لە کڵیسای سیستینە بەرز بووەوە، ئەوەش ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کە 135 کاردیناڵ نەیانتوانی پاپای نوێ هەڵبژێرن.

بەگوێرەی داب و نەریتی ڤاتیکان، کاردیناڵەکان تاوەکوو هەڵبژاردنی پاپای نوێ، دەبێ لە کڵێسای سیستینە بمێننەوە و بەیانیان و ئێواران، بۆ هەڵبژاردنی پاپای نوێ کۆ ببنەوە. لەو ماوەیەدا، پەیوەندییان لەگەڵ دنیای دەرەوەدا دەپچڕێت.

ئەگەر هاتوو لە دووکەڵکێشی کڵیسای سیستینە، دووکەڵی سپی بەرز بووەوە، ئەوە ئاماژەیە بۆ هەڵبژاردنی پاپای نوێ، ئەگەر دووکەڵی ڕەش بەرز بووەوە، مانای وایە کاردیناڵەکان نەیانتوانیووە  پاپای نوێ هەڵبژێرن.

ژمارەی کاردیناڵەکانی جیهان 252 کەسە و تەنیا 135 کەسیان تەمەنیان لە 80 ساڵ کەمترە و مافی دەنگدانیان هەیە، هەر کاردیناڵێک ببێتە پاپا دەبێت 2 لەسەر سێی دەنگی کاردیناڵەکان بەدەست بهێنێت.

پاپا فرانسیس لە ساڵی 2013ـەوە سەرکردایەتتی کلێسای کاسۆلیکی دەکات، لە 21ـی نیسانی ئەمساڵ لە تەمەنی 89 ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە کۆچی دوایی کرد.

لە دوای چەند رۆژێک لە مردنی پاپا فرانسیس لە 21ـی نیسان، زیاتر لە 200 کاردیناڵ بە یاوەرەکانیانەوە لە سەرانسەری جیهانەوە روویان لە رۆما کرد. شوێنی مانەوە، خواردن و جلوبەرگی تایبەتیان بۆ دابینکراوە.

نیوەڕۆی چوارشەممە، 07ـی ئایار، 133 کاردیناڵ، ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 80 ساڵانە، دەستیان بە دەنگدان کرد. لە گۆڕەپانی سەینت پیتەرس، لەناوەندی شاری رۆما بە هەزاران گەشتیاریی ئاییندار چاودێریی دووکەڵی سپی دەکەن کە ئاماژەیە بۆ هەڵبژاردنی پاپایەکی نوێ بۆ جیهان.

بە گوێرەی رێککەوتننامەی ساڵی 1929 کە دەوڵەتی ڤاتیکان واژۆی کردووە، ئیتاڵیا تێچووی ئاسایشی رێوڕەسمەکە دەگرێتە ئەستۆ.

بە گوێرەی قسەی جیانی ئەلێمانۆ، سەرۆکی شارەوانی ئەوکاتەی رۆما. لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ساڵی 2013 و دیاریکردنی پاپا فرانسیس، ئاسایش و تێچووی گواستنەوەی گشتی و خەرجییەکانی دیکە، گەیشتە 4.5 ملیۆن یۆرۆ.

ئەم ساڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا جیۆرجیا مێلۆنی، لەدوای مردنی فرانسیس، پێنج ملیۆن یۆرۆی تەرخان کرد، بەڵام هێشتا کۆی گشتی خەرجییەکان دیاری نەکراوە و هیچ کۆمپانیایەک یانیش لایەنێکی تایبەت ناتوانێت سپۆنسەری ئەو رێوڕەسمە بکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن