292 جیهان

ئەمەریکاییەکان بەرەو بنکەکانی دەنگدان دەڕۆن

10:30 - 05/11/2024

زەمەن _ جیهانی

 

دەنگدەرانی ئەمەریکایی ڕۆژی سێشەممە بەرەو بنکەکانی دەنگدادن دەڕۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی وڵاتەکەیان و 34 سیناتۆر لە کۆی 100 سیناتۆر و تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە 435 ئەندام پێکدێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکان لە کۆی نزیکەی 244 ملیۆن دەنگدەر، هەتا ئێستا زیاتر 78 ملیۆن لە هەڵبژاردنی پێشوەختدا دەنگی خۆیان داوە. دەنگدانی پێشوەخت دەکرێت لە ڕێگەی پۆستەوە بکرێت یان دەنگدەر بچێت بۆ یەکێک لەو بنکانەی پێشوەخت لە ناوچەکەی لە چەند ڕۆژێکی دیاریکراو پێش ڕۆژی دەنگدانی سەرەکی دەکرێنەوە.

لە 50 ویلایەتەکەی ئەمەریکا تەنیا لە 3 ویلایەت نیو هامشەر و ئەلەباما و میسیسیپی ڕێگە نادرێت دەنگدەر پێشوەخت بچێت دەنگ بدات، بەڵکو تەنیا ڕێگە دەدەن لە ڕێگەی پۆستەوە دەنگبدرێت و ئەویش بۆ ئەو دەنگدەرانەی هۆکارێک هەیە وەهایان لێدەکات نەتوانن لە ڕۆژی دەنگدانەکە دەنگی خۆیان بدەن.

هەرچەندە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا زیاتر باس لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی دەکرێت، بەڵام هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرێسیش گرنگی خۆیان هەیە.

ئەنجومەنی نوێنەران:
ماوەی خولەکەی 2 ساڵە و 435 ئەندام پێکدێت، ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە دانانی یاساکانی حکومەتی فیدراڵی و بوجەی وڵاتەکە. هەروەها دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی و چاودێری حکومەتی فیدراڵی هەیە و تەنانەت ئەگەر زۆرینەی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە بیانەوێت لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆکی وڵات بکەن دەتوانن ئەنجامی بدەن.

ئەم ئەنجومەنە کە هەر ویلایەتەو بەپێی ژمارەی دانیشتوانی نوێنەری تێداهەیە، ڕۆڵی گرنگی هەیە لە بڕیارەکاندا، وەکو فرۆشتنی چەک و پێشکەشکردنی و یارمەتی و کۆمەکی دارایی بۆ وڵاتان. ئەم ئەنجومەنە لە ئێستادا 220 کورسی لە ژێر دەستی کۆمارییەکانە و 212 کورسی لە ژێر دەستی دیموکراتەکانە و 3 کورسی بەتاڵە بەهۆی کۆچی دوایی دوو ئەندام و دەست لەکارکێشانەوەی ئەندامێک.

ئەنجومەنی سینات:
ماوەی خولەکەی 6 ساڵە و لە 100 ئەندام پێکدێت و هەر ویلایەتەو 2 سیناتۆری هەیە. گرنگی ئەم ئەنجومەنە لەوەدایە، کاتێک سەرۆکی وڵات بیەوێت کەسێک لە پۆستی وەزیر، دادوەر و تەنانەت باڵیۆز دابنێت دەبێت ئەم ئەنجومەنە پەسەندی بکات.

بۆ نمونە سەرۆک جۆرج بوشی باوک، جۆن تاوەری بۆ پۆستی وەزیری بەرگری پێشنیارکرد، بەڵام ئەنجومەنەکە بە دەنگی 53 بەرامبەر 47 پەسەندی نەکرد. جگە لەم دەسەڵاتە، ئەم ئەنجومەنە هاوشێوەی ئەنجومەنی نوێنەران قسەی هەیە لە سیاسەتی دەرەوەی وڵات و ئەگەر حکومەت بیەوێت پەیماننامەیەک لەگەڵ وڵاتێک یان چەند وڵاتێک بکات، پێویستە 67% ی ئەنجومەنەکە پەسەندی بکات، ئەگەر نا ئەو پەیماننامەیە ناکرێت. ئەم ئەنجومەنەش 49 ئەندامی کۆمارییە و 47 ئەندامی دیموکراتە و 4 ئەندامی سەربەخۆن. ئەم ئەنجومەنە هەموو دوو ساڵ جارێک هەڵبژاردن بۆ یەک لەسەر سێی ئەندامەکانی دەکرێت.

لە ئەمساڵدا، هەڵبژاردنیش بۆ پۆستی فەرمانڕەوای 11 ویلایەت دەکرێت لەگەڵ 2 ناوچەی سەر بە ئەمەریکا، پۆرتۆڕیکۆ و ئەمەریکان ساموا. لە ئێستادا لەو 11 ویلایەتە 8 ویلایەتی فەرمانڕەواکانیان کۆمارین و 3 ویلایەتەکەی دیکە دیموکراتن.

لە زۆر ویلایەت و ناوچەی ئەمەریکا لە پاڵ هەڵبژاردنەکە، ڕاپرسی گشتی بۆ کۆمەڵێک بابەتی گرنگی ئەو ویلایەتە و ناوچانە دەکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن