شکستەکانی ژیانم
01:09 - 02/04/2024
زەمەن _ کەلتوور
جۆرج تەرابیشی
وەرگێرانی: نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
نووسەر و بیرمەندی سووری جۆرج تەرابیشی (١٩٣٩_٢٠١٦) لەم وتارەدا راشکاوانە دان بە فەشەلەکانیدا دەنێت و شکستەکانی ژیانی خۆی دیاری دەکات.
١_ یەکەم شکستی ژیانم، لەدایکبوونم بوو، من لە خێزانێکی ئاساییدا لەدایک بووم، لە یەکەمین هەنگاوەکانی بیرکردنەوەمدا، کە منداڵ بووم، هەمیشە دەمپرسی: بۆچی لە خێزانێکی خانەدان و بەگزادەدا لەدایک نەبووم؟ لەدوای چەندین ساڵ و لەپاش خوێندنەوەی نووسینەکانی سیگمۆند فرۆید، بۆم دەرکەوت ئەو منداڵانەی خەون بەوەوە دەبینن لە خێزانێکی وەهمیی خانەداندا لەدایک ببن کە لە خێزانە راستەقینەکەی خۆیان خانەدانتر بێت، ئەو منداڵانەن کە پتر گیرۆدەی گرێی ئۆدیبی دەبن.
٢_ دووەمین شکستی ژیانم بریتییە لە ناوەکەم، من لە ساڵی ١٩٣٩ لەدایک بووم، لەو سەردەمەدا سوریا بەرەو هۆشیاریی ناسیونالیستی دەرۆیشت، یەکێک لەو مەیلە ناسیونالیستییە بریتی بوو لەوەی خێزانەکان ناوی عەرەبییان لە منداڵەکانیان دەنا بەجۆرێک ئەو ناوە تازانە هەڵگری مانای ئایینی و تایەفی نەبن، سەرباری ئەوەی ناولێنانی عەرەبی شێوەیەک بوو لە شێوەکانی بەرگری لە دژی کۆلۆنیالیزمی فەرەنسی، ئیدی باوکیشم، کە پەیوەندیی بە بزووتنەوەی نیشتیمانییەوە هەبوو، هەموو منداڵەکانی بە ناوی عەرەبییەوە ناو نا: سەمیر، جەلال، فائیز...تاد، تەنیا ناوی من نەبێ، ناوی نام جۆرج، کاتێکیش پرسیاری ئەوەم لێکرد نهێنیی ئەوە چییە تەنیا ناوی منی بە ناوی مەسیحییەوە ناوناوە، لە وەڵامدا گووتی: تۆ کوڕی نۆبەرەم بوویت، بۆیە دەبوایە بە ناوی باپیرتەوە ناوت بنێم، ئەمەش نەریتێکە نابێت خۆمانی لێ لابدەین. ئیدی دواتر من بەهۆی ناوە بیانییەکەمەوە کە هەڵگری دەلالەتێکی تایەفییە، بۆ ماوەیەکی درێژ ئازاری چەشناوچەشنم چەشت، بەڵام دواتر لەگەڵ ناوەکەی خۆمدا ئاشت بوومەوە بەتایبەتی دوای ئەوەی بۆم دەرکەوت ئەو ناوە بنەچەیەکی یۆنانیی هەیە، جۆرج بە یۆنانی واتە جووتیار، واتە ئەم ناوە بەتەواوی بیانی نییە، بەڵکو بنەچەیەکی سامیی هەیە، ئەم وشەیە لە "جین"ەوە وەرگیراوە کە بە زمانی سامی واتە زەوی، هەر لەوێشەوە "جوگرافیا"ی لێبۆتەوە. لە زەمەنێکی دیکەدا و پاش ئەوەی دەستم کرد بە خوێندنەوەی کەلەپووری عەرەبی_ئیسلامی، هەر بەتەواوی ئاشنای ناوی خۆم بووم و لەگەڵیدا ئاشت بوومەوە، ئەمەش چونکە لەو کەلەپوورەدا یەکێک لە گەورە قسەکەرانی مەککیی، هەڵگری هەمان ناو بوو، بەڵام بە داڕشتنێکی دیکە کە پتر داڕشتنی تەعریبکراوە، ئەویش: ابن جەریح.
٣_ یەکێکی دیکە لە فەشەلەکانی ژیانم، بریتییە لە سەرنەکەوتنم لە ژماردنی ئەستێرەکانی ئاسمان، من لە منداڵیدا بە ئاسانی خەوم لێ نەدەکەوت، ئێمە لە هاویندا لە حەلەب، وەک نەریتێکی گشتی، شەوان لە سەربان دەنووستین، شەوێکیان باوکم تێبینیی ئەوەی کرد کە من خەو ناچێتە چاوانم، ئیدی داوای لێکردم لە ئاسمانی سافدا ئەستێرەکان بژمێرم، وتی بزانم ئازایت و دەتوانیت ئەو کارە بکەیت. منیش ئەو ئاڵنگارییەم قبوڵ کرد و بە سادەیی منداڵانەم دەستم کرد بە ژماردنی ئەستێرەکان، یەک یەک ئەستێرەکانم دەژمارد، بێگومان سەرکەوتوو نەبووم لە ژماردنی هەموو ئەستێرەکان، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا سەرکەوتوو بووم لە بەدەستهێنانی خەودا، ئەوسا نەمدەزانی ژماردنی ئەستێرەکان یان ژماردنی زنجیرەیی ژمارەکان، باشترین رێگەیە بۆ لەناوبردنی بێخەوی.
٤_ لە مەلەکردنیشدا لە خۆهەڵدانە نێو ئاو، سەرکەوتوو نەبووم، هاورێکانم کێبەرکێیان بوو لەوەی لە بەرزترین پەیژەوە خۆیان بۆ نێو حەوزی ئاوەکە هەڵبدەن، هەوڵم دا لاساییان بکەمەوە، کەچی لەبری ئەوەی لەسەر سەر بکەومە نێو ئاوەکە، لەسەر سک کەوتمە نێویەوەو ئازارێکی زۆرم پێگەیشت، لەو رۆژەوە رێگەم لەخۆم گرت لەسەر سەر خۆم هەڵدەمە نێو ئاوەوە، ئیدی تەنیا بەپێ دەچوومە نێو حەوزی ئاوەکە.
٥_ لەوەشدا سەرکەوتوو نەبووم ببم بە یاریزانی تۆپی پێ، مناڵانی گەرەکەکەمان یاریی تۆپی پێیان لەگەڵ منداڵانی گەڕەکەکەی تەنیشتماندا رێک دەخست و گەمەیان دەکرد، منیش چوومە نێو تیپەکەوەو لە چەندین یاریدا بەشداریم کرد، بەڵام جارێکیان زۆر بەتوندی تۆپەکە بەرەو روم دەهات و منیش بە سەر گەڕاندمەوە، سەرم بە ئەندازەیەکی زۆر ئازای پێگەیشت و دوچاری ژانە سەر بووم، ئەمەش وای لێکردم بۆ یەکجاری واز لە یاریکردن بهێنم.
٦_ شەڕی بۆکسێن (مولاکەمە) یەکێک بوو لە ئارەزووەکانی کوڕانی گەڕەکەکەمان، بەڵام چونکە من هەر لە منداڵییەوە جەستەیەکی لاوازم هەبوو، وای لێکردم هەرگیز نەبم بە "پاڵەوان" نە لە بۆکسێن و نە لە زۆرانبازیدا و نە لەهیچ یەکێک لەو شێوانەی رووبەرووبونەوەدا کە پێویستیی بە هێزی ماسولکەیی هەیە. ئاخۆ ئەمە پاڵنەر بووە بۆ ئەوەی بەرەو هێزی هزری بچم؟
٧_ سازدانی ئاهەنگەکانی جەژن و لەدایکبوون و ژنهێنان لە گەرەکەکەماندا زۆر بوو، لەو ئاهەنگانەشدا وتنی گۆرانیی بە کۆمەڵ باو بوو، بەڵام هەموو جارێک کە دەمویست لەو گۆرانییە بەکۆمەڵانەدا بەشداری بکەم، یەکسەر ئامادەبووان داوایان لێدەکردم بێدەنگ بم و گۆرانی نەڵێم، ئاخر دەنگم بەر لە باڵغبوون و پێگەیشتن، زۆر ناخۆش بوو، جگە لەوەی گوێیەکی مۆسیقیشم نەبوو.
٨_ بەراستی گوێم رۆژێ لە رۆژان مۆسیقی نەبووە، ئەگەرچی هەر لە منداڵییەوە عەرەبییەکی باشم دەزانی و بەباشی زانستی عەرووز و بەحرە شیعرییەکانم دەزانی، کەچی سەرکەوتوو نەبووم لەوەی یەک دێرە شیعریش بهۆنمەوە.
٩_ وەک چۆن شکستم هێنا لەوەی بۆ تەنیا رۆژێکیش ببم بە شاعیر، لەوەشدا شکستم هێنا ببم بە رۆماننووس، چەندین لاپەڕەم نووسی و پرۆژەی نووسینی چەندین تێکستی رۆمانم هەبوو، لە هەموویدا فەشەلم هێنا، بەڵام لەبەرامبەر ئەو فەشەلەمدا، سەرکەوتوو بووم لەوەی ببم بە رەخنەگری رۆمان. لێرەدا ئەو وتە باوە بەسەر مندا پراکتیک دەبێت کە دەڵێ: لەژێر پێستی هەموو رەخنەگرێکی سەرکەوتوودا، رۆماننووسێکی فاشیل هەیە.
١٠_ یەکێکی دیکە لە شکستە رۆشنبیرییەکانم، بریتییە لە پەیوەندیم بە زمانە بیانییەکانەوە، ئەگەرچی زۆر بەچاکی فێری زمانی فەرەنسی بووم بە خوێندنەوەو نووسینەوە، دەیان کتێبم لە فەرەنسییەوە وەرگێرایە سەر زمانی عەرەبی، بەڵام هەرگیز لەوەدا سەرکەوتوو نەبووم کە بتوانم بەباشی قسەی پێ بکەم، سەیر ئەوەیە لەپاش پانزە ساڵ لە ژیانی تاراوگەییم لە فەرەنسەدا، کەچی تا ئەمرۆش ناتوانم بەتەواوی قسەی پێ بکەم.
١١_ لە رووبەرووبونەوەی زەمەنیشدا سەرکەوتوو نەبووم. لە کاتی لاویمدا زۆر سەرسام بووم بە تەوفیق ئەلحەکیم و یەکێک بوو لە نووسەرە خۆشەویستەکانم و کتێبەکانیم دەخوێندەوە، کەچی پێم سەیر بوو لە چەندین نووسینیدا بە پێداگرییەوە باسی حەتمییەتی یاسای زەمەن دەکات، منیش لە تافی لاویمدا و لە گوڕوتینی ئەو قۆناغەمدا وەهمێکی وەها لەسەرمدا هەبوو کە من هەرگیز پیر نابم، کەچی ئەوەتا ئێستا لە دەرگاکانی پیری دەدەم، هەروەکو هەموو پیرانی دیکە بۆم دەرکەوت ئەو بەشەی لە ژیانماندا ماوە زۆر کەمترە لەوی رۆیشتووە.
١٢_ زۆرترین فەشەلی ژیانم بریتییە لە هەرەسی عەرەبی لە حوزەیرانی ١٩٦٧دا، بەڵام ئەمە بەتەنیا "فەشەل"ی من نییە، بەڵکو فەشەلی هەموو نەوەکەی ئێمەیە، فەشەلی نەتەوەیە. ئەوەی کە دەمترسێنێ بیرکردنەوەیە لەوەی، هەر تەنیا بیرکردنەوە لەوەی ژیانم ئەوەندەی بەبەرەوە نەمابێت کۆتایی ئەم فەشەلە ببینم. ناشزانم ئاخۆ ئەم فەشەلە لە بنەڕەتدا کۆتایی هەیە.
١٣_ شکستم هێنا لەوەی دەوڵەمەند بم، سەرباری ئەوەی تەمەنم شەستی تێپەراند و نزیکەی دوو سەد کتێبم نووسیوە و وەرمگێراوە، کەچی تا ئەمرۆش ناچارم نووسینی رۆژنامەوانی بنوسم بۆ پاداشت و بژێویی رۆژانە، بەڵام بۆ ئەوەی روون بم، ئەوا دەڵێم هەرگیز حەزم لە دەوڵەمەندی نەبووە بۆ دەوڵەمەندی، بەڵام هەمیشە خەونم ئەوە بووە داهاتێکی وام هەبێت بەس بێت بۆ ئەوەی کاتەکانم تەرخان بکەم بۆ نووسین. ئەمە ئەو شتەیە تا ئەمرۆش تیایدا سەرکەوتوو نەبووم.
١٤_ لە بەدیهێنانی خەونێکی هاوژینەکەمدا سەرکەوتوو نەبووم، خەونی ئەو نەک هی من، بەوەی کورێکمان ببێ، ئێمە تا ئێستا هەر کچمان بووە، سێ کچمان بووە، با راستگۆ بم لەگەڵ خوێنەردا، من بەمە زۆر خۆشحاڵم نەک خەمبار، من لە خێزانێکدا لەدایک بووم لە شەش کوڕ پێک هاتبوو، هەر لە منداڵییەوە خەونم بەوە بینیوە ئەم شەش برایە خوشکێکمان هەبوایە تا شتێک لە گەرمیی و خۆشیی مێینەیی پێبداینایە. بۆیە کاتێک من و هنرییت کچێکمان بوو، پاشان کچی دووەم و سێیەم، خۆشحاڵ بووم و ئێستاش خۆشحاڵم، بەڵام هاوسەرەکەم لە کچی سێیەمدا دەستی کرد بە گریان، ئەو دەیویست کوڕێکمان ببێ، من لە ئارەزووەکەی ئەو تێدەگەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەختەوەرم کە سێ کچمان هەیە، سا ئەگەر منداڵی چوارەممان دروست بکردایە، ئەوا من حەزم دەکرد ئەویش کچ بێت.
.
تێبینی: ئەم دانپیانانەی جۆرج تەرابیشی جیاوازە لەو بابەتەی بەناوی (شەش وێستگەی ژیانم) نوسیویەتی و لە کتێبی (یادەوەریم لەگەڵ جۆرج تەرابیشی)ی هنرییت عەبودی بڵاوکراوەتەوە،