ئۆكرانیا دژەهێرشی دەستپێكردووە و بە درێژایی هەزار و 500 كیلۆمەتر شەڕە
11:50 - 25/05/2023
61 جار خوێندراوەتەوە
زەمەن
میخایلۆ پۆدۆلاک، ڕاوێژکاری ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی پێنجشەممە دووپاتیکردەوە کە دژەهێرش چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
پۆدۆلیاک لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "رای"ی ئیتاڵی ڕایگەیاند، هێرشی پێچەوانە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە و شەڕەکە بەدرێژایی 1500 کیلۆمەتر لە سنوورەکە بەردەوامە.
ناوبراو بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئۆکرانیا لە ناو خاکی ڕوسیادا چەکی ڕۆژئاوا بەکارناهێنێت، بەڵکو ئەو چەکانە لە دژی ڕووسەکان بۆ ڕزگارکردنی کریمیا و دۆنباس بەکاردەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، نایانەوێت لە خاکی ڕوسیا بدەن، ئەو چەکانەی ڕۆژئاوا دابینیکردووە بۆ لەناوبردنی پێگەکانی ڕوسیا لەو خاکانەی داگیریکردوون، لەنێویاندا دۆنباس و کریمیا بەکاردەهێنن.
لای خۆیەوە سەرۆکی ئۆکرانیا ڕوسیای تۆمەتبار کرد بەوەی بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ "تیرساندنی" وڵاتەکەی لە ڕێگەی ئەو هێرشانەی لە شەودا دەیانكات، راشیگەیاند شەوی چوارشەممە 36 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستوەتە خوارەوە.
زێلێنسکی لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرامەوە ڕایگەیاند کە مۆسکۆ "بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ترساندنی ئۆکرانیا" و لە ماوەی شەودا ٣٦ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵداوە، "بەڵام هیچیان نەگەیشتنە ئامانجەکەیان"، سوپاسی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی کرد بۆ تێكشكاندنیان.
هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە ڕوسیا لە باکوور و باشوورەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "شەهید ١٣١" و "شەهید ١٣٦"ی دروستکراوی ئێرانی هەڵداوە. لە سەرەتای مانگی ئایارەوە ڕوسیا هێرشەکانی شەوانەی چڕتر کردووەتەوەو ئۆکرانیا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکاتە ئامانج.