167 جیهان

ئەگەری ھەیە عێراق بەهۆی یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکانەوە تووشی قەیرانی سیاسیی ببێت

11:20 - 31/03/2023


زه‌مه‌ن – شیكاری

رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە لە میانی دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دەنگ لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکان درا و پەسەند کرا.

یاسای ھەڵبژاردنەکان، بە ئامانجی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی ئازاد، پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە لە ھەرێمێکدا رێکنەخراون، پەسەند کرا.

بەپێی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردن، یاساکانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراون بە یەک یاسا، ھەروەھا ژماردنی دەنگەکان بەدەستی و ئەلیکترۆنی دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەنجامەکەی جیاواز بوو، ئەوا ژماردنی دەنگەکان بەدەستی یەکلایی دەکرێتەوە و رێگا بە ھیچ ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارت و فراکسیۆنەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران نادرێت بچنە ناو ھاوپەیمانێتیی دیکە تا ئەو کاتەی حکوومەت پێکدەھێندرێت.

یاساکە لە ١٥ ماددە پێکھاتووە و یەکێک لە ماددەکانی ناو یاساکە، تایبەتە بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە تیایدا پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران دەکرێت و پشت بە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەبەسترێت، ھەروەھا ژمارەیەک گۆڕانکارییەکی دیکەیش لە کەرکووک ئەنجام دەدرێت.

لەچوارچێوەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، سیستەمی ھەڵبژاردن لە (فرەبازنەیی)یەوە گەڕێندراوتەوە بۆ سیستەمی (سانت لێگۆ)، ھەروەھا ژمارەی بازنەکانی ھەڵبژاردن لە عێراق لە ٨٣ بازنەوە کراوە بە ١٨ بازنە، واتا ھەر پارێزگایەک یەک بازنەی ھەڵبژاردن دەبێت.

- دابەشکردنی کورسییەکان ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

لەچوارچێوەی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە کە ٣٢٩ کورسین، بەڵام ژمارەی کورسی کۆتای پێکھاتەکان لە نۆ کورسییەوە زیاد کراون بۆ ١٢ کورسی .



- سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ کراوەتە بنەما بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، یەکێک بوو لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان لایەنەکان، چونکە ھەر پێکھاتەیەک دەیویست داواکاری خۆی بەسەر ئەوەی دیکەدا بسەپێنت، بەڵام دواجار پارتی دیموکراتی کوردستان، تورکمان و عەرەب لەسەر تێپەڕاندنی ئەو ماددەی ناو یاساکە کە تایبەتە بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کەرکووک، رێککەوتوون.

ئەوەیش لەکاتێکدایە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە بیانووی جیاجیا، ئەنجام نەدراوە.

لەچوارچێوەی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکاندا لە پارێزگای کەرکووک پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران دەکرێت و پشت بە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەبەسترێت و ژمارەیەک گۆڕانکاری دیکەیش لە کەرکووک دەکرێت، هەروها ھەر لایەنێک ئەگەر زۆرینەی دەنگەکانیش بەدەستبھێنێت، ناتوانێت ئیدارەی پارێزگا وەربگرێت ئەگەر سەرجەم پێکھاتەکانی لەوبارەیەوە رێکنەکەون.

هەروەها بەپێی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکان، سیستەمی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو، بە سانت لیگۆ بە (١،٧) ئەنجام دەدەرێن و ھەر پارێزگایەک کراوە بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن و ھەردوو ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراون بە یەک یاسا.

- ھەڵوێستی پارتی و یەکێتیی لەبارەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی  پارێزگای کەرکووک بە دەستکەوت لەقەڵەم دەدات و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە مەترسی دەزانێت.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاندووە کە بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ کراوەتە بنەما بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

شاخەوان عەبدوڵڵا کە سەربە فراکیسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەیشداوە "سەرگەڕان کە دوای ٥٧ لکێنراوە بەکەرکووکەوە، دیسان دەبێتە بەشێک لە شارەکە و مافی دەنگدانی دەبێت، جگە لەوەیش ئەوەی ماددەی ١٤٠ی کردووە یان تەنھا مامەڵەی پێشکەش کردووە و مافی دەنگ دانی ھەیە، ھەروەھا ئەوەی پێش ساڵی ٢٠٠٣ لە کەرکووک بووە نفوسی شارەکانی دەرەوەی کەرکووک بووە و ٥٧ی کەرکووکە و تەرحیل نەبووە، بەڵام بتاقەی کەرکووکی ھەیە، دیسان مافی دەنگدانی ھەیە، سەرجەم ئەو ھاووڵاتییانەی ھێنراونەتە کەرکووک و بەئامانجی سیاسەتی تەعریب ناویان رەش کراوەتەوە لادەبرین و مافی دەنگدانیان نییە".

راشیگەیاندووە بۆ یەکەمجارە لە پرسی دابەشکردنی پۆستەکان، رێژەی ٣٢ لەسەدا ھەڵگیراوە و ئاماژەی بەوەداوە "بەپێی یاساکە، ئەو دەسەڵاتەمان لە سەرۆکوەزیران وەرگرتەوە کە بتوانیت ھەڵبژاردن لە پارێزگایەک دوا بخات کە خەڵکانیک ئامانجیان بوو".

سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەرشەد ساڵحی رایگەیاند، ھەموارکردنەوەی ئەو ماددەیەی کە لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، تایبەتە بەکەرکووک بە لێکتێگەیشتن بووە.

ھەروەھا فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی دەنگدان بە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رایگەیاند کە تەواوی ھەوڵەکانیان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافی دەنگدەرانیان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق خستووەتەگەڕ و ئاماژەی بەوەیشدا "ھەموو ئەو ئاستانگەی کە لەبەردەم ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ھەبوون، ھەڵگیران".

لەبەرامبەردا فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەموارکردنەوەی ئەو ماددەیەی کە لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، تایبەتە بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە مەترسی لەقەڵەمداوە و رایگەیاندووە "راستە لە یاساکەدا، سەرژمێری ساڵی ۱۹٥۷ کراوەتە یەکێک لە بنەماکانی دەنگدەر لە کەرکووک، بەڵام ئەوەی مەترسی لەسەر ئەم بنەمایەیە لە ‌ماددەیەکی پێشووتری یاساکەدا ھاتووە کە ھەر پارێزگایەک بەسنووری ئیداریی ئێستای بازنەیەکی ھەڵبژاردنە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە راستە سەرژمێری ٥۷ بنەمایە، بەڵام بە ‌سنووری ئیداری ئێستای کەرکوک و بەمەیش دەنگدەرانی رەسەنی کەرکووک لە چەمچەماڵ، کەلار، کفری و خورماتوو کە لە ‌ساڵی ١٩٥٧ سەربە کەرکووک بوون، دەکەونە بەردەم مەترسیی سڕینەوە".

لای خۆیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەرشەد ساڵحی لە ھەژمارەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند "ئەو ماددەیەی کە لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، تایبەتە بە کەرکووک پەسەند کرا، بە تەوافوقی نێوان سەرکردەکانی تورکمان، عەرەب و کورد بوو" و نووسیبووی "ئەمەیش بەڵگەیە بۆ تێگەیشتنی سەرجەم لایەنەکان، ھیچ نەتەوە و پێکھاتەیەک نییە کە ھێز بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆی بەکاربھێنێت".

- ھەڵوێستی رەوتی سەدر لەبارەی پەسەندکردنی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

تا ئێستا رەوتی سەدر بە ئاشکرا ھەڵوێستی خۆی لەبارەی پەسەندکردنی یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکان نیشان نەداوە، بەڵام سەرکردەیەکی رەوتی سەدر رایگەیاندووە کە ھیچ سیستەمێکی ھەڵبژاردن چی یەک بازنەیی یان فرەبازنەیی بێت کاریگەری لەسەر رەوتەکەیان نابێت.

ئەو سەرکردەیەی رەوتی سەدر کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە بە ماڵپەڕی شەفەق نیوزی رایگەیاندووە "رەوتی سەدر لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوودا، براوەی یەکەم بووە و زۆرترین ژمارەی کورسییەکانی بەدەستھێناوە لەبەر ئەوەی ئەگەر سیستەمی ھەڵبژاردن بکرێتە یەک بازنەیی یان فرەبازنەیی ھیچ کاریگەری لەسەر رەوتی سەدر نابێت".

وتیشی: "تا ئێستا بڕیارمان نەداوە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەنجوومەنی نوێنەراندا بکەین و تا ئێستا موقتەدا سەدر ھیچ فەرمانی پێ نەکردووین کە ئامادەکاری بکەین بۆ ھەڵبژاردنەکان".

ئەمەیش دوای ئەوە دێت، ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان پاڵپشتی خۆیان بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رایگەیاندبوو و داوایان کردبوو کە سیستەمی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق لە (فرەبازنەیی)یەوە بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی (سانت لێگۆ)، بەتایبەتیش لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە لە دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگی پێویستییان بەدەست نەھێنا و تووشی شکستێکی گەورە بوون.

هاوکات هەندێک لە میدیاکانی عێراق بڵاویان کردووەتەوە کە ژمارەیەک لە لایەنە سوننەکانیش، پاڵپشتیان لە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کردووە و دەنگیان پێداوە لەنێویاندا، هاوپەیمانی سەروەریی یاسا و هاوپەیمانی عەزم.

تشرینییەکان لەھەمبەر پەسەندکردنی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ناڕازیین خۆپیشاندانەکانیان لەوبارەیەوە بەردەوامە.

لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک زۆر لە خۆپیشاندەران "تشرینییەکان" لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان لەھەمبەر پەسەندکردنی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەربڕی.

خۆپێشاندانەکان دژبە یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکان بوو کە تیایدا سیستەمی (سانت لیگۆ) دیاری کراوە.

ھاوکات ئەندامە سەربەخۆکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایانگەیاندووە "سیستەمی (سانت لیگۆ) کە بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو، جێبەجێ دەکرێت لە بەرژەوەندیی پارتە دەسەڵاتدارەکانە".

چاوەڕان دەکرێت لە رۆژانی داھاتوودا، خۆپیشاندانی تشرینەکان دژبە یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکان فراوانتر بێت کە ئەگەری ھەیە جارێکی دیکە عێراق رووبەڕووی قەیرانی سیاسیی ببێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن