پەرلەمانی تورکیا ئەندامێتیی فینلاندی لە ناتۆ پەسەند کرد و ههدهپه دهنگی پێنهدا
11:03 - 31/03/2023
زهمهن -
جیهانی
شەوی رابردوو
(پێنجشەممە 30ـی 3ی 2023) لە پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسای تایبەت بە پەسندکردنی پرۆتۆکۆڵی
ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ خرایە دەنگدانەوە. هەریەک لە پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی،
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە، پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە و ئیی پارتی بە
"بەڵێ" دەنگیان دا، پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە نە بە "بەڵێ"
و نە بە "نەخێر" دەنگی نەدا.
پێشتر لە 23ـی ئەم مانگە، لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی
تایبەتدا بەو پرسە، بە ئەندامبوونی فینلاندی لە ناتۆ پەسەند کرد.
لەلایەکی دیکەوە،
ساوڵی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند پێشوازی لە بڕیارەکەی پەرلەمانی تورکیا کرد و رایگەیاند،
ئێستا هەموو ئەندامانی ناتۆ، بڕیاری ئەندامێتی وڵاتەکەیانی لەو هاوپەیمانییەتە پەسەندکردووە.
پەرلەمانتاری
ئیی پارتی، ئەحمەد کامیل ئەرۆزان، دەربارەی ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆ ئەوەی خستەڕوو
کە دوابەدوای هێرشەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، هەریەک لە سوید و فینلاند دەستیان
کردووە بە گەڕان بەدوای بەندەرێکی ئارامدا.
ئەرۆزان جەختی
لەوەش کردەوە کە رێکاری جیاواز هەبووە بۆ بوونە ئەندامی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆدا،
فینلاند توانیوویەتی زووتر گەل و پەرلەمانی تورکیا بەم ئەندامێتییە رازی بکات.
بەهەمان شێوە
پەرلەمانتاری هەدەپە، هیشیار ئۆزسۆی ئەوەی خستەڕوو کە دوای هێرشەکەی رووسیا بۆسەر
ئۆکراینا، ناتۆ زیاتر لە هەموو کاتێک فراوان بوون و زیادبوونی هەژموونی بەخۆوەبینیوە.
لەلایەکی دیکەش
پەرلەمانتاری جەهەپە، ئەحمەد ئوناڵ چەڤیزکۆز، باسی لەوە کرد کە تورکیا دۆسیەی بە ئەندامبوونی
سوید و فینلاندی لە ناتۆ جیاکردووەتەوە و رایگەیاند: "هیوادارم لەڕێی ئەم جیاکارییەوە
گەلی سویدمان لە خۆمان دوور نەخستبێتەوە".
دوای پەسەند
کردنی پڕۆژەیاسای ئەندامێتی فینلاند، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، حەیدەر ئاکار
رایگەیاند: "ئێمە وەک پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی، پیرۆزبایی لە فینلاند و
گەلەکەی دەکەین".