سەرۆکی مەکسیک: ئەمریکا درۆزنە
08:07 - 22/03/2023
نۆڤین مەجید ساڵح
ئەندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر، سەرۆکی مەکسیک، بەهۆی تۆمەتبارکردنی حکومەتەکەی
لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەمریکای بە
درۆزن لە قەڵەمدا.
لۆپێز ئۆبرادۆر لە کۆنگرەیەکی
ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی سێشەممە لە ئۆاکساکای مەکسیک، بە تووڕەییەوە وەڵامی ڕاپۆرتی
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوە سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ. ئیدارەی سەرۆکایەتی
ئەمریکا باسیان لەوە کرد کە ڕاپۆرتی باوەڕپێکراو هەیە سەبارەت بە کوشتنی نایاسایی
لەلایەن دەسەڵاتدارانی مەکسیکەوە، هەروەها بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەدان
و مامەڵەی نامرۆڤانەی دیکە لەگەڵ هاوڵاتیانی مەدەنی. هەروەها ئەمریکا سەرزەنشتی
مەکسیکی کرد بەهۆی گەندەڵی و تاوانە بەربڵاوەکان و کەمی ڕێژەی لێپێچینەوە لە
تاوانەکان.
لۆپێز ئۆبرادۆر لە وەڵامدا لە
کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوەی لەو ڕاپۆرتەدا باس کراوە ڕاست نییە و ئەمریکییەکان
درۆزنن و هەمیشە درۆزن بوون.
لێدوانەکەی لۆپێز ئۆبرادۆر، لە
کاتێکدایە کە ماوەی چەند هەفتەیەکە پەویوەندییەکانی مەکسیک و ئەمریکا ناکۆکی
تێکەوتووە، بەهۆی ئەوەی دوو هاوڵاتی ئەمریکی لە باکووری مەکسیک بێسەروشوێنن و دوو
هاوڵاتی دیکەش لە لایەن کارتێلەکانی مەکسیکەوە کوژراون.