ئابوری

فرۆشتنی دۆلار له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندییه‌وه‌ له‌سه‌دا 26 كه‌میكردووه‌

01:30 - 28/01/2023 137 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

 

خستنه‌بازاڕی دۆلار له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندییه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌میكردووه‌ و له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا كه‌متر له‌ 500 ملیۆن دۆلار خراوه‌ته‌ بازاڕ.

پێگەی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق رایگه‌یاند: لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە تا پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو 26/1/2023 ، بڕی 437 ملیۆن و 300 هەزار و 223 دۆلاری فرۆشراوە، ئەمەش بەراورد بە هەفتەی پێشووتر رێژەکە 26.27% دابەزیوە.

رۆژی دووشەممە، زۆرترین دۆلار خراوه‌ته‌ بازاڕ کە 126 هەزار و 944 هەزار و 502 دۆلار بووە، کەمترینیش رۆژی پێنجشەممە بووە، کە  61 ملیۆن و 649 هەزار و 886 دۆلار بووە.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، دوای ماوەیەکی کەم لە هاتنە سەرکاری حکومەتی نوێ لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ناجێگیری بازاڕی دۆلار شێواو دۆلار بەرزبوەوە، كە لە سەردەمی حکومەتی پێشوودا نرخی دۆلار جێگیر بوو لە نێوان هەزار و ٤٥٠ بۆ هەزار و ٤٧٠ دینار بۆ دۆلار، به‌ڵام له‌ ئێستادا 100 دۆلار به‌ 163 هه‌زار دیناره‌.

لە ٢٣ی ئەم مانگە بە بڕیاری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، مستەفا غالب لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و عەلی موحسین عەلاق لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندیی "بە وەکالەت" داندرا، لە دوای ئەم گۆڕانکارییە لە بانکی ناوەندییدا، هەمان رۆژ بە رێژەیەکی کەم بەهای دۆلار بەرامبەربە دینار نزیكەی حەوت هەزار دینار دابەزی، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا بەهاکەی بەرز بوویەوە.

رۆژی 19-12-2020، بانکی ناوەندی عێراق نرخی فرۆشتنی 100 دۆلاری بە 145 هه‌زار بۆ مامه‌ڵه‌ی حكومه‌ت و بۆ فرۆشتنی به‌ هاوڵاتیانیش بە 147 هەزار دینار دیاریکرد بوو.

چەند ڕاپۆرتێک هۆکاری بەرزبوونەوەی ئەو بەرزبوونەوەیە بۆ "قاچاخ"ی دۆلاری ئەمریکی - یان گواستنەوەی نایاسایی - لە عێراقەوە بۆ ئێران لە ماوەی دەسەڵاتی حکومەتی نوێدا دەگەڕێننەوە، کە لەلایەن زۆرینەی میلیشیاکان و گروپە سیاسییەکانی نزیک لە ئێرانەوە ده‌كرێت.
 
سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراقی ڕایگه‌یاند که به‌ڕپرسانی ئه‌مریکا چه‌ندینجار ئه‌م بابه‌ته‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق باسكردووه‌، دوایینجار له‌لایه‌ن برێت مه‌کگۆرک ڕێکخه‌ڕی کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئه‌فریقا بوو.

بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو پرسە، بانکی ناوەندی عێراقی، چوار بانکی عێراقی لە بەکارهێنانی دۆلاری ئەمریکی قه‌ده‌غه‌كرد، کە بریتین لە بانکی ئەلئەنساری ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و دارایی، بانکی ئیسلامی قەزاف بۆ دارایی و وەبەرهێنان، بانکی ئیسلامی ئاسیا عێراق بۆ وەبەرهێنان و دارایی و بانکی وەبەرهێنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عێراق.

ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌ش، لە بەغدا هەڵمەتێكی دەستگیركردنی بازرگان و ئاڵوگۆڕكەرانی دراو دەستگیركران، كه‌ تۆمەتباربوون بە یاریكردن و ئاودیوكردنی دۆلار.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن