904 کوردستان

مستەفا کێیە
کە بووە هۆکاری رێگریکردن لە ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم

08:31 - 25/01/2023

زەمەن

مستەفا جەبار سەنەد مەریانی، سیاسیی و ئابووریناس و شارەزای بواری نەوتە، لە ساڵی 2021 ەوە وەك سەربەخۆ بووە پەرلەمانتاری عێراق، لەسەر سكاڵایەكی ئەو دادگای فیدراڵی بڕیاری ناردنی پارەی بۆ هەرێم هەڵوەشاندەوە.


ساڵی 1985 لە پارێزگای بەسرە لە دایک بووە، باوکی چالاکێکی سیاسی بووە و لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێن لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە سێدارە دراوە. مستەفا خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ئەندازیاری تەکنەلۆژیای پترۆکیمیایی، هەروەها خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ئابووری نەوت و گاز لە زانکۆی بەسرە .

مستەفا جەبار، لە وەزارەتی نەوت وەک ئەندامی لیژنەی سەر بە نەوت لە باشوور کاری کردووە، هەروەها پۆستی بەڕێوەبەری شانەی بەدواداچوونی لە ئۆفیسی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەرگرتووە بۆ بەدواداچوون پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکان تا ئەو كاتەی لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆکوەزیرانی پێشوو شانەكە هەڵوەشێنرایەوە.

مستەفا جەبار، لە هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی 2021 وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ، بە نوێنەرایەتی پارێزگاری بەسرە، گەیشتە پەرلەمان.

كەسێكە لەوانەی كە كاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كردووە و 24ی تشرینی یەکەم 2022 مستەفا جەبار سەناد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان لە تویتێکدا لە تویتەر ڕایگەیاند، یەکەم تۆمەتبار بە دزینی پارەی باج بە فڕۆکەی تایبەت گەشتی بۆ دەرەوەی عێراق كردووە.

چوارشەممە 25ی كانوونی دووەمی 2023 دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵایەكی ئەم پەرلەمانتارە، بڕیاری ناردنی پارەی بۆ هەرێمی كوردستان هەڵوەشاندەوە كە لەلایەن حكومەتی پێشوو دەرچوو بوو.

ئەم پەرلەمانتارە گەنجە خاوەنی دوو كتێبە بەناوەكانی "کتێبی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی بەسرە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٦". لەگەڵ "کتێبی نرخی نەوت لە عێراق و جیهان".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن